لە سنووری کەرکووک جووتیارانی کورد لە ترسی سووتانی دەخڵەکانیان پێشوەختە دروێنە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە ترسی سووتانی داخڵەکانیان، جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان، داقووق و لەیلان دروێنەی پێشوەختیان دەستپێکردووە.
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا سوپای عێراق پێنج جووتیاری کوردی لە پەلکانە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر ئامێرە کشتوکاڵییەکانیاندا گرتووە، بۆیە جووتیاران بەنهێنی و دوور لە چاوی هێزە عێراقییەکان دروێنە دەکەن.
محەممەد ئەسکەندەر، شۆفێری دەڕاسەیەکە لە سنووری پەلکانە و بە رووداوی گوت: ئێمە رۆژانە چاوێکمان لەسەر دروێنەیە و چاوێکمان لەسەر رێگەکانە ئاخۆ کەی سەربازەکان دێن و کارکردنمان رادەگرن. هاوڕێی خۆم دەستگیرکراوە و دەست بەسەر تراکتۆر و دەڕاسەکەیدا گیراوە تەنیا لەسەر ئەوەی زەوییەکەی دەرمانڕێژکردووە و تاوەکو ئێستا لە دادگەیە؛ هێزە عێراقییەکان رێگەنادەن جووتیارانی کورد، بچنە سەر زەوییەکانیان و بەروبوومەکانیان هەڵبگرنەوە و بەردەوام لە ژێر چاودێریی هێزە عێراقییەکاندان.
موحسین ئیسماعیل، خەڵکی شەناغە و گوتی: چاندن و دروێنە قەدەخەیە و دەرمان و بنەتۆو هێنان قەدەخەیە هەر کارێک دەکەیت قەدەخەیە و رێگەنادەن و ترسمان هەیە لە کەوتنەوەی ئاگر و سووتانی دەخڵەکانمان، ئێستا کە وەرزی دروێنەیە ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بتبینن دێن و دەڕاسەکەت دەبەن و دەستی بەسەردا دەگرن.
ئێستا کە وەرزی دروێنە دەستیپێکردووە، لە ناوچە کوردستانییەکان تەنیا رێگە بە دروێنەی جۆ دراوە و بەڵێننامە، بە بەشێک لە جووتیاران پڕکراوەتەوە کە گەنمەکانیان دروێنە نەکەن.
ئەگەرچی حکومەتی عێراق بڕیاریدابوو، سوپای عێراق رێگری لە کاری جووتیاری لە ناوچە کێشە لەسەرەکان نەکات، بەڵام بڕیارەکان لە سنووری کەرکووک کاریان پێناکرێت.
فەهی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەوەی لە تواناماندابێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی رێگریی بکەین لەوەی دەست بۆ بەرهەمی جووتیاران ببرێت لەو ناوچانە و هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکەش؛ فراکسیۆنە کوردییەکان باشتر کار لەسەر ئەم بابەتانە دەکەن و بەهاوئاهەنگی هەموو لایەک کار دەکەین تاوەکو ئەو گرفتانە نەمێنێت.
رێگریکردن لە جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک لەکاتێکدایە، حکومەت تۆو و بنەتۆو و پێداویستییە کشتوکاڵییەکانیان پێ نادات و بەرهەمەکانیان لێ ناکڕێتەوە و جووتیاران ناچارن لە بازاڕەکاندا بەنرخێکی کەمتر بیفرۆشنەوە.