بریندارێکی دیکەی رووداوی تەقەکردنەکەی کۆیە گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کەسێکی دیکە لە رووداوی تەقەکردنەکەی کۆیە گیانی لەدەدستدا و ئێستا سێ کەسی دیکە بریندارن.
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 15ـی ئایاری 2023، شێروان جەلال، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسی دووەم کە لەدوای برینداربوونی گیانی لەدەستداوە ناوی هێرش سدیق رەشیدە و شۆفێری تەکسی بووە و لە کاتی شەڕە تەقەکەدا گولـلەیەکی بەرکەوتووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە."
پێشتر، دکتۆر کامەران عەباس شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێنج کەس بە برینداری کە بە گولـلە پێکرابوون؛ گەیێندرانە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستدا.
بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکەش لە بریندارەکان دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و لە هۆڵی نەشتەرگەریدایە کە بەمەست لێی هێرش بوو.
لەبارەی چۆنیێتیی پێکدادانە، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کۆیە گوتی "رووداوەکە لە پێش بنکەی پۆلیسی ئازادی روویداوە و هێشتا زووە زانیاری ورد لەبارەیەوە نییە."
بەپێی ڤیدیۆیەک کە هاونیشتمانییەک لەشوێنی شەڕە تەقەکەوە بۆ رووداو دیجیتاڵی ناردووە، کەسێک لەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئاب دەبینرێت، کە بە دەمانچە تەقە دەکات، جگە لەویش چەکداری دیکە هەروەها هێزی ئەمنیش لەسەر شەقامەکە دەبینرێن، لەهەمان کاتدا ژمارەیەک خەڵکی سڤیل لەسەر شەقامەکەدان کە بە پەرۆشییەوە سەیری شەڕە تەقەکە دەکەن.
🔴جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی کۆیە بۆ رووداو: هێرش سدیق رەشید شۆفێری تەکسی بووە و لە کاتی شەڕە تەقەکەدا گولـلەیەکی بەرکەوتووە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. pic.twitter.com/uHVnVBCatz
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 15, 2023