شارەوانیی هەولێر: لەنێوبردنی سەگ بە ژەهر و شێوازی دیکە کاری ئێمە نییە


رووداو دیجیتاڵ

چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیمەنی کوشتنی سەگ بە ژەهرخواردکردن لە هەولێر بڵاودەبێتەوە، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر دەڵێت، پلانی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی سەگ هەیە و ئەوەی روودەدات پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە. سەرۆکی رێکخراوێکی ئاژەڵدۆستیش دەڵێت، نەمانی زبڵ و نەزۆکنەکردن هۆکاری زۆربوونی سەگەکانن.
 
لەبارەی بڵاوبوونەوەی دیمەنی کۆمەڵکوژکردنی سەگەکانی هەولێر، رۆژی شەممە، 15ـی نیسانی 2023، سیامەند کەریم، گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوشتنی سەگ لەلایەن خەڵکەوەیە و هیچ پەیوەندییەکی بە شارەوانییەوە نییە. ئێمە پلانی خۆمان بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان هەیە، نەوەک کوشتنیان و بەوشێوەیە لەنێوبردنیان کە رۆژانە دەیبینین".
 
لەبارەی پلانەکەیانەوە؛ گوتەبێژی شارەوانیی هەولێر گوتی، لە دەرەوەی شاری هەولێر سەرقاڵی دروستکردنی شێڵتەرێکن بۆ ئەوەی سەگە بێلانەکانی تێدا کۆبکەنەوە. گوتیشی: "قەفەسیش بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان ئامادەیە؛ 2 بۆ 3 مانگی دیکە شێڵتەرەکە تەواو دەبێت و تیمی ڤێرتێرنەری و ئێمە بە هاوبەشی و بەشێوەی زانستی کۆیان دەکەینەوە و دەیانبەینە شێڵتەرەکە؛ لەوێش هەموویان دەرزی نەزۆکییان لێ دەدرێت بۆ ئەوەی زاوزێ نەکەن و زۆر نەبن".
 
ئاژەڵدۆستێک: هۆکاری سەرەکیی زۆربوونی سەگ نەمانی زبڵەکانە
 
شادی عەلی، ئاژەڵدۆست و سەرۆکی رێکخراوی هانای ئاژەڵان کە کارکردنی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدایە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سلێمانیش وەکو هەموو شوێنەکانی دیکە ئازاری سەگ دەدرێت، بەڵام ئەوەی لە هەولێر چەند رۆژێکە روودەدات لێرە رووینەداوە".
 
دوای ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا لەنێو سەنتەری شارەکاندا سەگی بەرەڵا پەلامارێکی چەند کەسێکیاندا، بەتایبەت منداڵان، کوشتنی سەگ زیاتر بووە. شادی عەلی دەڵێت: "ناکرێت هەر هەواڵێک بڵاوبوویەوە کە سەگێک پەلاماری کەسێکی داوە هەموو سەگاکانی دیکە کۆمەڵکوژ بکرێن. کاتێک مرۆڤێک تاوانێكیش بکات، ناکرێت هەموو مرۆڤەکانی دیکە کۆمەڵکوژ بکرێن".
 
ئەو ئاژەڵدۆستە باسی لەوە کرد، سێ هۆکار هەن بۆ زۆربوونی سەگ، یەکەم: "سەرەکیترینیان ئەوەیە شوێنی زبڵ نەماوە. جاران سەگەکان لەسەر زبڵ دەژیان، بەڵام ئێستا زبڵ دادەپۆشرێت و سەگەکان سوودی لێنابینن و ناچار دەبن بۆ تێرکردنی خۆیان بچنە نێو شار و شوێنی ئاوەدانی".
 
بە گوتەی شادی عەلی، هۆکارێکی دیکە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و ناچارکردنی سەگەکانە بە دوورخستنەوە لە شوێن و ژینگەی خۆیان. لەبارەی هۆکاری سێیەمیشەوە گوتی: "حکومەت نەیتوانیوە پلانێکی باشی هەبێت بۆ نەزۆککردنی سەگەکان کە دەکرێت بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخانبکرێت، ئەگەرنا شێڵتەر چارەسەر نییە و لەوێ بەشێوەی لەسەرخۆ سەگەکان دەمرن؛ لە شێڵتەری سلێمانییدا رۆژانە دەیان سەگ بەهۆی سەرما، برسێتی و شوێنی خراپەوە لەنێو دەچن یان یەکتر دەکوژن".
 
بەگوێرەی ئامارەکانی پارتی سەوزی کوردستان، زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن.