چاوەڕێدەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە دهۆک 5 هێندەی پار بێت


رووداو دیجیتاڵ

بارانبارینی کۆتایی هەفتەی رابردوو لە هەرێمی کوردستان دڵخۆشیی جووتیارانی بەدواداهات. جووتیارێک لە دهۆک لە دوو ساڵی رابردوودا بەهۆی کەمیی بارانەوە، بەرهەمی گەنمی نەدورییەوە، بەڵام دڵخۆشە کە ئەمساڵ قەرەبووی زیانی دوو ساڵی پێشووی بکاتەوە.
 
عەبدی حەمەد، جووتیارێکی خەڵکی قەزای سێمێلە لە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەمساڵ هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچاندووە و دەڵێت، ئەمساڵ بەرهەمی گەنمەکەی لە مەترسیی وشکەساڵی دەربازی بووە و "زۆر دڵخۆشم سوپاس بۆخوا، رێژەی باران زۆر باشە، تاوەکو ئێستا باش هاتووە و دەڵێن: زیاتریش دەبارێت. لە مانگی چوار هەر چەندێک باران ببارێت خێروبەرەکەتە."
 
شارەزایانی کشتوکاڵ باس لەوە دەکەن کە بەرهەمی ئەمساڵ بە دڵی جووتیاران دەبێت، چونکە گەنم قۆناخی سەختی تێپەڕاندووە و گوڵی گەنم پڕبووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ پێنج هێندەی پار بێت. 
 
د. فەتحی عەبدولکەریم، سەرۆکی بەشی بەروبوومی کێڵگە لە کۆلێژی کشتوکاڵی دهۆک بە رووداوی گوت، "بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ دەبێت لە باشترین ئاستی خۆیدا بێت، چونکە لە هەموو قۆناخەکاندا باران هاتووە. قۆناخی یەکەم گەشەکردنە، دواتر پڕبوونی گوڵە گەنمە، لە هەموو ئەم قۆناخانەدا بارانی پێویست باریوە."
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سێمێل، پار تاوەکو ئەم کاتە 190 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 307 ملم باران باریوە. 
 
هاوکات لە دهۆک ئەم وەرزەی بارین 542.8 ملیمەتر باران باریوە، لە کاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێکەوت 343.7 ملیمەتر باران باریبوو.