هاونیشتمانییەک لە رانیە: گەڕەکەکەمان تۆڕی ئاوی نییە و بە تانکەر ئاو دەکڕین


رووداو دیجیتاڵ

جەمال محەممەد، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی تیتۆکەی رانیەیە و دەڵێت، سێ ساڵە هەفتانە یەک جار بە تانکەر ئاوی بەردەکەوێت. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەو گەڕەکە و چەند گەڕەکێکی دیکەی شارەکە تاوەکو ئێستا تۆڕی ئاویان بۆ دانەنراوە.
 
جەمال محەممەد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا شارەوانی هەفتەی یەک رۆژ ئاومان بۆ دەهێنێت، حەوت خولەک ئاومان پێدەدات، بەشت دەکات یان نا کەیفی خۆتە، دەبێت بە تانکەر ئاو بکڕین بە 13 هەزار دینار."
 
پڕۆژەی ئاوی دەربەند لە رانیە 18 ساڵە بەردی بناخەی بۆ دانراوە و هێشتا 20٪ـی کارەکانی ماوە تەواو ببێت، سێ مانگە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە.
 
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین باسی لەوە کرد، "لە پڕۆپۆزەڵی پڕۆژەکەدا هەندێک هەڵەی ئەندازیاری هەبوو، دووبارە دیزاینی بۆکرایەوە لەلایەن زانکۆی سلێمانی، هەتا دیزاینەکە دووبارە پەسندکرا قەیرانی دارایی بەسەرداهات، کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستا."
 
ماوەی یاسایی تەواوبوونی پڕۆژەکە 300 رۆژ بووە، بۆ تەواوبوونی هەموو پڕۆژەکەش نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار پێویستە. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین ئاماژە بەوە دەکات، "بەشێکی زۆری پڕۆژەکان وەستاون، هۆکارەکەی نەبوونی پارە بووە لە بانکەکان، بەڵام بۆ ئەم پڕۆژەیە و چەند پڕۆژەیەکی دیکە توانراوە هاوکاریی ئیدارەی راپەڕین بکرێت بۆئەوەی کاریان تێدا بکرێتەوە، ئێستا کار لە پڕۆژەکەدا دەکرێت و قۆناخی باشی بڕیوە."
 
سەرچاوەی دابینکردنی ئاوی ماڵان لە رانیە، پڕۆژەی ئاوی قوولە بە رێژەی 60٪ و 40٪یش لەڕێگەی 70 بیرەوەیە، ئەمەش بەشی هەموو گەڕەکەکان ناکات.