لە سێ مانگی ئەم ساڵدا داعش 33 هێرشی لە کەرکووک، سەڵاحەدین و ئەنبار ئەنجامداوە
رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر لیوای 16ـی حەشدی تورکمانی لە گوندی بەشیری باشووری کەرکووک. هێرشەکەی شەوی رابردوو هاوکات بوو لەگەڵ هێرشێکی دیکەی ئەو چەکدارانە بۆسەر سوپای عێراق لە سنووری لەیلان.
چەکدارانی حەشدی شەعبی لە سنووری کەرکووک کە رووبەرێکی فراوانیان پێسپێردراوە لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا داعش زۆرترین هێرشیکردووەتە سەریان و شەش چەکداریان لەو هێرشانە کوژراون و بریندار بوون.
غەریب عەسکەر، فەرماندە لە لیوای 16ـی حەشدی تورکمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "داعش ئێستا وەکو هێزێک دەیەوێ لە هەر شوێنێک بێت گورز بوەشێنێت، تاوەکو کەمێک ورەیان بەرز ببێتەوە، چونکە هێزەکانیان ورەیان رووخاوە و بەتایبەتی دوای ئازادکردنی ناوچەکانی ژێردەستیان، بەڵام جیهادییەکانی حەشد و سوپای عێراق و پێشمەرگە و پۆلیسی فیدراڵی لە کەرت و سەنگەرەکانیان وەستاون بۆ بەرگریکردن."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داعش لە سێ مانگی ئەم ساڵدا، 33 هێرشی لە کەرکووک، سەڵاحەدین و ئەنبار ئەنجامداوە. %45ـی هێرشەکان لە کەرکووک و خانەقین بووە، %22ـی هێرشەکان لە پارێزگای سەڵاحەددین، %17ـی لە پارێزگای نەینەوا و %16ـی هێرشەکانیش لە مەخمور و پردێ بووە.
لەو هێرشانەدا 24 سەرباز و هاونیشتمانی کوژراون و 24 سەرباز و هاونیشتیمانی دیکەش بریندار بوون، هەروەها چوار هاونیشتمانیش رفێنراون.
هەر لەو ماوەیەدا سوپای عێراق هەشت ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی لە کەرکووک ئەنجامداوە، چوار مۆڵگەی داعش دەستی بەسەردا گیراوە،11 چەکداری داعش دەستگیرکراوە.
بەشێکی زۆری هێرشەکانی داعش لەو بۆشاییە ئەمنییانە بووە کە دەکەوێتە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان، پێشمەرگە دەڵێت، "بەهۆی چاوکراوی پێشمەرگە و بەهێزی سەنگەرەکان، داعش نەیتوانیوە زەفەرمان پێ ببات."
عەقید بەختیار حەمە ساڵح، جێگری فەرماندەی لیوای پێنجی پێشمەرگە دەڵێت، "داعش لەو ناوچانەی لە 2014 داگیریکردبوو سەری هەڵداوەتەوە و بوونیان زۆرە و هۆکارەکەشی چەقبەستوویی کێشەکانی عێراق و نەبوونی هاوئاهەنگییە لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەڵام بەهۆی چاوکراوەیی پێشمەرگە و بەهێزی سەنگەرەکان نەیانتوانیوە نزیکی سەنگەرەکانی پێشمەرگە بکەونەوە."
ماوەی سێ رۆژە هێزە عێراقییەکان لەنێوان هەردوو پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدین لە ئۆپەراسیۆنێکی فراوانی ئەمنییدان بۆ کێوماڵکردنی ئەو سنوورە و تاوەکو ئێستا دەستیان بەسەر دوو حەشارگەی داعشدا گرتووە.