مەسرور بارزانی سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە تورکیا، لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەدا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، گفتوگۆکردن لەسەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە کۆدەبنەوە. 
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی 15ـی نیسانی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە تورکیا، بڕیارە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، "مەسرور بارزانی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت." 
 
دوایین سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لە 28-11-2019 بوو. پاش کۆبوونەوەکە مەسرور بارزانی گوتی، "به‌ره‌وپێشچوونی به‌رچاومان به‌دیهێنا له‌باره‌ی پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كان، له‌وانه‌ش په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌ بازرگانییه‌كان و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌." 
 
رۆژی 28ـی ئاداری 2022، مەسرور بارزانی لە میانی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانیی وزە لە دوبەی گوتارێکی پێشکێشکرد و ئاماژەی بەوەدا، "دڵنیام هەرێمی کوردستان دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە لە جیهان، لە ئایندەیەکی نزیکدا گازی سرووشتی بۆ عێراق، تورکیا و ئەوروپا هەناردە دەکەین، بۆ ئەوەی ئاسایشی وزەیان بۆ دابینبکەین." 
 
مەسرور بارزانی لە میانی گوتارەکەیدا داوای هاوکاری و پاڵپشتی کرد بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە کەرتی وزە بدەن و رایگەیاند، "کوردستانێکی بەهێز و سەربەخۆ لەڕووی ئابوورییەوە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر دراوسێکانی و هاوبەشانمان لە بەغدا."