دوو بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان - باکوور سەردانی دەمیرتاشیان کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سکرتێری گشتیی پەدەکە - باکوور رایگەیاند، لەگەڵ گوتەبێژی پارتەکەی سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەیان کردووە و دەمیرتاش بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیا باسی لە ئاراستەیەکی سەربەخۆ کردووە.
 
هشیار ئۆزالپ، جێگری سکرتێری گشتیی پەدەکە - باکوور لە میانی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 15:00ی تۆڕی میدیایی رووداو راگەیاند "راستە ئێمە لەنێو پەدەکەی باکوور بەرپرسیارێتیمان هەیە، بەڵام وەکو دوو کورد سەردانەکە ئەنجامدراوە. دۆخی تەندروستیی سەلاحەدین دەمیرتاش باش بوو، سڵاوی بۆ سەرکردەی سیاسیی هەر چوار پارچەی کوردستان هەبوو، بۆ هەڵبژاردنەکانی تورکیاش باسی لە ئاراستەی سێیەم کرد".
 
جێگری سکرتێری گشتیی پەدەکە - باکوور گوتی "سەلاحەدین دەمیرتاش کاراکتەرێکی سیاسیی گرنگە، بۆیە سەردانمان کرد. دەمیرتاش باسی لە پرۆژەی خۆی کرد و ئێمەش باسمان لە پرۆژەی خۆمان کرد. دەمیرتاش گوتی: پرۆژەی خۆمان هەیە و بەردەوام دەبین. ئەو پێی باشبوو هەموومان پێکەوە کار بکەین".
 
هشیار ئۆزالپ باسی لەوەش کرد "سەلاحەدین دەمیرتاش باسی لە ئاراستەیەکی سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرد، بەجۆرێک ئەو ئاراستەیە لە دەرەوەی دەسەڵات و بەرەی بەرامبەری دەسەڵات بێت، کە بتوانێت هێزە دیموکراسییەکانی تورکیا و هەندێک هێزی کوردی لە دەوری یەکدی کۆبکاتەوە، بۆئەوەی پێکەوە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و پێیوابوو ئەو هەنگاوە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت".
 
سەلاحەدین دەمیرتاش لە 4ـی تشرینی دووەمی 2016وە لە گرتووخانەی ئەدیرنە بەندکراوە. دادگەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا چەندجارێک رایگەیاندووە "هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە نییە بۆئەوەی سەلاحەدین دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر سزا بدرێت". دادگاکە داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە بە 3500 یۆرۆ قەرەبووی ماددی و 25 هەزار یۆرۆ قەرەبووی مەعنەویی دەمیرتاش بکاتەوە و خەرجییەکانی دادگەش بدات، کە 31 هەزار و 900 یۆرۆیە.
 
تورکیا 18ی ئایاری 1954 واژۆی لەسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە و خستوویەتیە بڕگەی 90ی دەستووری وڵاتەکەیەوە. بەپێی ئەو واژۆیە و دەستووری وڵاتەکەی، تورکیا دەبێت بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپا وەکو خۆیان جێبەجێ بکات.