رووداو دیجیتاڵ
ستێفن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق بە رووداوی راگەیاند، ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە "وەبیرهێنەرەوەیە بۆ ئێمە کە تاوانەکانی رژێمی بەعس چەندە خراپ بوون."
هیچن بە دڵنیا رەحمان، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "هەندێ جار گوێبیستی هەندێ دەنگی عێراق و تەنانەت کوردستانیش دەبم کە دەڵێن دۆخەکە لە سەردەمی سەدام حوسێندا باشتر بوو لە ئێستا، بەڵام بە بڕوای من، ساڵیادی کوشتارەکەی هەڵەبجە کاتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بەبیرمان بێتەوە کە لەو کاتەدا دۆخەکە باشتر نەبوو."
هیچن هەروەها گوتی، "ئەو 5 هەزارەی کە گیانیان لەدەستدا، تەنیا ژمارە نین، بەڵکو کەسن. هەریەک لەوان خێزانێکی هەبوو، چیرۆکێکی هەبوو، هەریەک لەوانە هیوای بۆ داهاتوویەک هەبوو کە لە لایەن رژێمی بەعسەوە لێی سەندرا."
باڵیۆزی بەریتانیا گوتیشی، "گرنگە کە ئێمەش وەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەبیرمان بێت چی روویدا، وانەی لێ فێربین، ئەو کەسانەشمان لەبیربن کە لەدەستچوون."
رۆژی 16ی ئاداری 1988 حکومەتی ئەو کاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە و بەو هۆیەوە لانیکەم پێنج هەزار کەس شەهید بوون و نزیکەی 10 هەزاری دیکەش بریندار بوون. هاونیشتمانییە بریندارەکان بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیاییەوە تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون و تاوەکو ئێستاش کاریگەری لەسەر بەشێکیان ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ