نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی لە سلێمانین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بەشداری لە حەوتەمین دیداری سلێمانی گەیشتنە سلێمانی و لە فڕۆکەخانە بەجیا پێشوازییان لێکرا.
رۆژی چوارشەممە 15-02-2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەیشتە سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی لە حەوتەمین دیداری سلێمانی کە لەلایەن زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی رێکخراوە، گوتارێک پێشکێش بکات.
هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش گەیشتە سلێمانی و لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشوازی لێکرا.
حەوتەمین دیدارى سلێمانى بە دروشمی "دوای 20 ساڵ، عێراق و ناوچەکە لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکاندا" رۆژانی 15 و 16ـی ئادار لەلایەن پەیمانگاى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەدەچێت.
لە دیدارەکەدا هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی ئێستای عێراق و کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی بە گوتار و دیبەیت بەشداردەبن.
دیدارەکە لەکاتێکدایە چەند رۆژێکی دیکە 20 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی جەنگی عێراق تێدەپەڕێت کە کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام حوسێن هات.
دوای ئەو شەڕە، عێراق بووە خاوەن دەستوورێکی نوێ و هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی دانپێدانراو لەنێو ئەو دەستوورەدا جێگەی کراوەتەوە و مادەی 140یش بۆ چارەسەری کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان تێیدا دانراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو مادەیە جێبەجێ نەکراوە.