مەسروور بارزانی لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجە: ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا زامێکی قووڵە

رووداو - هەولێر

بە بۆنەی 32هەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا زامێکی قووڵە و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە بەشێکبوو لە سیاسەتی قڕکردنی گەلی کوردستان.


لە پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە "ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر کیمیاباران و کۆمەڵکوژیی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێکبوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان. ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاری و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستان کرا".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگریی میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا".

دەقی پەیامەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەرکیمیاباران و کۆمەڵکوژی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە سیاسەتی قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان . ئەم تاوانە گەورەیەی بەرامبەر نەتەوەکەمان ئەنجامدرا ، زامێکی قووڵە لە مێژووی گەلی کوردستاندا و هێمای ئەو ستەمکاریی و زۆردارییەیە کە بەرامبەر گەلی کوردستان کرا. 
حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خۆڕاگری میللەتەکەمانە، هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان. ئەم بیرئانینە تراژیدیایانەش پێویستە هاندەری زیاترمان بن بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی و کارکردنی هاوبەش لە پێناو زاڵبوون بە سەر هەموو کارەسات و دۆخێکی سەختدا .

سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان .

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2020/3/16