یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدرێتەوە

رووداو-هەولێر

رۆژی هەینی 15-3-2019 بەهاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە گوندی کۆچۆ هەڵدەدرێتەوە، ئەمەش یەکێک بووە لە داواکارییەکانی کوردانی ئێزدی بۆ یەکلاییبوونەوەی چارەنووسی کەسوکارەکانیان کە لە دوای هێرشی چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 بۆسەر ئەو گوندە بەشێکیان هێشتا بێسەروشوێنن. 


كۆچۆ یەكێكە لە گوندەكانی سنووری شنگال و 23 کم لە باشووری رۆژئاوای شارەکەوە دوورە. لە 3-8-2014دا و لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر باشووری کوردستان، گوندی كۆچۆ لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا و دواتر چەکدارەکانی ئەو رێکخراوە تووندئاژۆیە کۆمەڵکوژییان لە گوندەکە ئەنجامدا.

داعش 1030 کەس لە دانیشتووانی کۆچۆی بێسەروشوێن کردووە یان کوشتوونی، تاوەکو ئێستا 120 ژن و کچی دانیشتووی کۆچۆ رزگارکراون. پێش هێرشی داعش، ژمارەی خێزانەكانی کۆچۆ نزیکەی 340 خێزان بوون کە لە نزیکەی 1600 كەس پێکهاتبوون. لە هێرشەکەی داعشدا نزیکەی 520 پیاو و 510 ژن کوژران و بێسەروشوێن بوون و نزیکەی 300 پیاو و 270 ژنیش رزگاریان بوو.

هەڵدانەوەی یەکەمین گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە کۆچۆ لەکاتێکدایە، لە کانوونی یەکەمی 2017دا سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتەی عێراق کۆنترۆڵکردنی خاکی ئەو وڵاتەی لە دەستی داعش راگەیاند. 

کوردانی ئێزدیش دەیانەوێت تەواوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەڵبدرێنەوە و چارەنووسی ئازیزانیان دیاری بکرێت. مەهدی عەلاق، ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هەڵدانەوەی گۆڕەكە گوزارشتكردنە لە هەوڵێكی راستەقینە بۆ ئاشكراكردنی تاوانەكانی داعش و گەیشتن بە هەندێك ئەنجامی پەیوەندیدار بە ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەكان. پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش بەردەوام دەبێت". 

مەهدی عەلاق گوتیشی: "سەبارەت بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە و لەرێوڕەسمی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی كۆچۆ بەشداری دەكات. ئەو تیمە پەیوەندیدارە بە نووسینی راپۆرتەكانی تاوانەكانی داعش".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لەماوەی رابردوودا سێ هەزار و 371 کوردی ئێزدی لەدەستی داعش رزگارکراون و تاوەکو ئێستاش سێ هەزار و 46 کەس چارەنووسیان دیارنییە.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان