شاندی دەم پارتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆدەبنەوە

شاندی دەم پارتی لە هەولێر لەلایەن ئومێد خۆشناوەوە پێشوازییان لێکرا

رووداو دیجیتاڵ

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئێوارەی ئەمڕۆ گەیشتە هەولێر و سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و دووشەممە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
شاندەکەی ئیمراڵیی دەم پارتی، ئەمڕۆ شەممە، 15-02-2025، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە گەیشتە هەرێمی کوردستان. لە هەولێر لەلایەن ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا. پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات. شاندەکە بۆ تاوتوێکردنی گفتوگۆکانی دەم پارتی و بەرپرسانی حکومەتی تورکیا تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی، هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
 
شاندەکەی دەم پارتی، سبەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبنەوە. بڕیارە رۆژی دووشەممەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە. دوای کۆبوونەوەکانیان لە هەولێر، شاندەکە دەچنە سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆدەبنەوە.
 
شاندەکە ئەنجامی گفتوگۆ و دیدارەکانی دەم پارتی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و لایەنە سایسییەکانی تورکیا بۆ پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.
 
ئەمڕۆ کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە. یەکێک لەو پرسانەی باسی لێوە کرا، هاتنی شاندەکەی دەم پارتی و پرۆسەی ئاشتی بوو لە تورکیا.
 
پارتی لە کۆبوونەوەکەیدا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا "بە گرنگ و کاریگەر" ناساند و رایگەیاند "پێویستى بە زەمینەخۆشکردن و هاوفکرى و هاوکارى هەیە، ئەوەى بۆمان بکرێت و پێویست بێت و لێمان داوابکرێت، هاوکار و زەمینەخۆشکار دەبین، لەمبارەوە بە ئەرکى سەرجەم لایەنەکانى دەزانین بەرژەوەندیى نەتەوایەتى و کۆمەڵگا بخەنە سەرووى تەواوى بەرژەوەندییەکانى دیکە".
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
 
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
 
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".
 
شاندەکەی دەم پارتی پێکدێت لە پەروین بۆڵدان، سڕی سورەیا ئۆندەر، کەسکین بایندر هاوسەرۆکی DBP، بەردان ئۆزتورک هاوگوتەبێژی کۆمیسیۆنی پەیوەندییە دەرەکییەکان، پارێزەرانی یاسایی و بەرپرسانی پارتەکە.
 
بەرنامەی کۆبوونەوەکانی شاندی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان:
 
16ـی شوباتی 2025، لە هەولێر کاژێر 10:00 لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە.
 
17ـی شوباتی 2025، لە هەولێر لەگەڵ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
 
18ـی شوباتی 2025، کاژێر 10:30 لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبنەوە
 
دوایین دیدار لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.