لە سلێمانی هاوسەرۆک و چەند کادرێکی تەڤگەری ئازادیی کوردستان دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆک و چەند کادرێکی حیزبی تەڤگەری ئازادیی کوردستان لە سلێمانی دەستگیرکران. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ویستوویانە خۆپیشاندان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ پێنجشەممە، تارا حوسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کوردستان و نزیکەی 19 کادری دیکەی ئەو حیزبە لە سلێمانی، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون.
هەر بەپێی زانیارییەکان، تەڤگەری ئازادیی کوردستان، ویستوویەتی ئەمڕۆ 15ی شوبات، لە ساڵیادی دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستاندا خۆپیشاندان بکات.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی 1949 لە دایکبووە، ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراندووە. لە ساڵی 1984 شەڕی چەکداری لە دژی تورکیا راگەیاند.
ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و گوازرایەوە تورکیا. رۆژی 29ی حوزەیرانی 1999 دادگایی کرا و فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەرچوو. لە ئابی 2002 تورکیا سزای لە سێدارەدانی لە وڵاتەکەی نەهێشت، بۆیە سزای ئۆجەلانیش گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
ساڵانە لە یادی دەستگیرکردنیدا، ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان و سلێمانی بەتایبەتی، هەروەها لە چەند شارێکی وڵاتانی دەرەوە، خۆپیشاندان دەکەن و داوای ئازادکردنی دەکەن.
تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ساڵی 2014 دامەزراوە و مۆڵەتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگرتووە. پارتەکە بەشێوەی سیستمی هاوسەرۆکی بەڕێوەدەبرێت و هەریەکە لە تارا حوسێن و سەلام عەبدوڵڵا هاوسەرۆکی گشتیی پارتەکەن.