ئەلمۆنیتۆر: مەزڵووم عەبدی سەردانی هەولێر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئینگلیزی بڵاوی کردەوە، بڕیارە بەمزووانە، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، سەردانی باشووری کوردستان بکات و لە پیرمامیش لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆری ئینگلیزی لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە، بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بەمزووانە سەردانی شاری هەولێر بکات، بڕیاریشە لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە.
سەرچاوەکان، کاتی سەردانەکەی عەبدییان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام یەكێک لە سەرچاوەکان رایگەیاندووە سەردانەکە "بەمزووانە" دەبێت. بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداویش سەردانەکە لەم مانگەدا دەبێت.
سەرچاوەیەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کردووە، لەکاتی سەردانی د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، بەفەرمی بانگهێشتنامەی سەرۆک بارزانی بە فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیاندووە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی رۆژئاوای کوردستان کرد و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لەبەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
میدیای هێزەکانی سووریای دیموکرات بڵاوی کردەوە، مەزڵووم عەبدی سوپاسی پەیام و پشتیوانی سەرۆک بارزانی کردووە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە قۆناخی ئێستا پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەموو لایەنە کوردییەکان هەیە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دەستەبەرکردنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد.