لە هەولێر سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆمیسیۆنی عێراق کۆدەبنەوە

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری رێکارەکان و راهێنان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، شاندێکی باڵای ئەندامانی کۆمیسیاریی کۆمیسیۆنی باڵای عێراق گەیشتنە هەولێر. بە مەبەستی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیارە لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
 
داود سەلمان خزەیر، بەڕێوەبەری رێکارەکان و راهێنان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق گەیشتە هەولێر و بڕیارە لەمڕۆوە دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن."
 
خزەیر گوتی، "ئامانج لە کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ لقەکانی هەرێمی کوردستانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕایە لەسەر دیاریکردنی کاتێک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."
 
بەڕێوەبەری رێکارەکان و راهێنان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، "هەر بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە، بڕیارە سبەی سێشەممە لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببینەوە."
 
یەکشەممە 15-01-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرۆکی کۆمیسیۆن و سەرۆکی فەرمانگەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن و تەواوی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە شاندەکەدا بەشدار دەبن. 
 
کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رۆژی سێشەممەدا دەبێت. جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبوونەوەیەدا، "رۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکەن."
 
بڕیارە لە دوای دیاریکردنی رۆژە نوێیەکە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئاشکرا بکرێت.
 
تاوەکو ئێستا دوو جار رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام هەڵبژاردن نەکراوە. وادەی دوایینیان 25ـی شوباتی ئەمساڵ بوو. رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوە دا، ناتوانێت لەو وادەیە هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
بەپێی نووسراوی ژمارە (خ/24/ز.م/1) کە رۆژی 2ـی کانوونی دووەمی 2024، بەناونیشانی "هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان" رەوانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی کردووە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، "دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە، ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنمان دەستپێکرد و، خشتەی کارەکانیشمان ئامادەکرد و چەندین سیستەممان دانا، بڕیاربوو لە 1ـی ئابی 2023 بڕگەکانی خشتەکە دەستپێبکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی بڕیاری پارەدارکردن لە وەزارەتی دارایی لە رۆژی 28-12-2023 دەرچوو، بۆیە کۆمیسیۆن نەیتوانی بڕگەکانی خشتەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە گرێبەستکردن و دابینکردنی کەرەستەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە."رۆژی پێنجشەممە 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024، وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.