هێزەکانی ئەمریکا چوونە نێو شاری کۆبانێ
رووداو دیجیتاڵ
دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە و راوەستانی شەڕ لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن، هێزێکی ئەمریکا چوونە نێو شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان. لە بەنداوی تشرینیش، شەڕ وەستاوە و بەنداوەکە لە دەست هەسەدە مایەوە.
چوونی هێزی ئەمریکی بۆ کۆبانێ
هاونیشتمانییەک لەنێو شاری کۆبانێ، گرتەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە. گرتەکە ئەمڕۆ (شەممە، 14-12-2024) گیراوە و تێیدا دەردەکەوێت، هێزێکی ئەمریکی بە زرێپۆش و چەکی قورسەوە دەچنە نێو شاری کۆبانێ.
ئەو هاونیشتمانییەی کە ڤیدیۆکەی ناردووە دەڵێ "ئەمە هێزەکانی هاوپەیمانانن، ئەمانەش هەر هێزی ئێمەن."
هێزە ئەمریکییەکە دوای گەڕانی بە نێو شاری کۆبانێ دا، چووەتە ناحیەی سڕین کە نزیکی کۆبانێیە.
شەڕ لە سنووری کۆبانێ
دوو رۆژ دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن لە دوو میحوەرەوە هێرشیان کردە سەر هەسەدە. یەکەمیان لە پردی قەرەقۆزاخ و دووەمیش لە بەنداوی تشرین.
پردی قەرەقۆزاخ، کەوتووەتە باشووری کۆبانێ و بە رێیەکی ستراتیجی دادەنرێت بۆ چوونە نێو شارەکە. بەنداوی تشرینیش لەنێوان منبج و کۆبانێیە.
هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)دان، گرووپە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر هەردووکیان و فڕۆکەکانی تورکیاش بۆردوومانیان دەکرد.
بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ لە دەستی هەسەدە مانەوە.
هەرچەندە رۆژی هەینی، چەکدارەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای ئۆپۆزیسیۆن رایگەیاند، بەنداوەکەیان کۆنترۆڵکردووە. بەڵام ئەمڕۆ هەسەدە رایگەیاند، بەنداوی تشرین لە دەستی هێزەکانیان ماوەتەوە.
هاوکات ئەنجوومەنی سەربازیی منبج دیمەنی بەنداوەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەڕڤانەکان بەنداوی تشرینیان بە تەواوی لە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەرهێناوە.
عەلی دەمیر، بەڕێوەبەری بەنداوی تشرین بە رووداوی راگەیاند "بەنداوەکە لە دەستی ئێمە (هەسەدە) دایە. ئاوی بەنداوەکە بەرزبووەتەوە و ئیستا سەرقاڵی چاککردنەوەی تۆربایینەکانین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
عەلی دەمیر دەڵێ "10 مەتر ئاو بڵند بووە و تەنیا یەک مەتر ماوە سەرڕێژ بێت، بەنداوەکە کە نابێ 10 چرکە بێ کارەبا بمێنێت، کەچی ئێستا کارەبای نییە."