کارگەیەکی زەیتوون لە هەڵەبجە بەرهەمی جووتیاران لە لەنێوچوون دەپارێزێت

رووداو دیجیتاڵ

کارگەیەکی زەیتوون لە هەڵەبجە بووەتە فریادڕەسی بەرهەمی زەیتوونی بەشێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان، چونکە بەرهەمی زەیتوونەکەیان دەکاتە رۆن جوتیارێکیش دەڵێت، ئەگەر ئەم کارگەیە نەبوایە دەبوو بەرهەمەکەی فڕێ بدات.
 
شەریف حەمەئەمین، خەڵکی شارۆچکەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵە دوو تۆن و 300 کیلۆ زەیتوون دەباتە کارگەی راسان و دەڵێت، "ماوەی چوار ساڵە زەيتوون دەهێنم بۆ ئەم کارگەیە، جۆری رۆنەکەی زۆر باشە، لێرە جياوازی نيیە و هاوکاريمان دەکرێت ،ئەگەر ئەم جۆرە کارگەیە نەبوايە دەبوو ئەم زەيتوونە مان فڕێبدايە و ئەم ڕۆنە قەرەبووی ماندووبوونەکەمان دەکاتەوە."
 
سەربەست ئەبوبکر لە سلێمانییەوە بەرهەمی زەیتوونەکەی بردووەتە کارگەکەی هەڵەبجە و باس لەوە دەکات، "زەيتوونی باخی خۆمانم هێناوە ئەم 300 کيلۆيە ئەم کارگەيە دەيکات بە ڕۆن بۆمان، ئەمجۆرە کارگەیە شتێکی باشە بۆ خەڵک ئەگەر بێت و زياد ببن باشە."
 
پەيام سەيوان بەڕێوەبەری کارگەکەیە باسی هاوکاری جووتياران دەکات کە بەبێ جياوازی لەهەموو شارەکانەوە دێنە کارگەکە و دەتوانن زەيتوونەکە بفرۆشن يا بيکەنە رۆن بۆ خۆيان و دەڵێت، "کارگەی راسان بۆ هاندانی جووتياران ساخکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی جووتياران دامەزراوە، خۆشبەختانە بە دوو جۆر کاردەکات بەرهەمی جووتيار دەکڕێتەوە ياخود جووتيار خۆی سوودمەند بێت، ئەم کارگەيە هانی جووتياران دەدات. نەمامی زەيتوونمان هێناوە کە توانيومانە ئەم ساڵ چوار هەزار نەمام بفرۆشين بە جووتياران، بەرهەمی کارگەی راسان ئێستا لە وڵاتەکانی بەريتانيا، ئەڵمانيا و نەرويج بەردەستە بەرهەمی گەشتووەتە ئەو ئاستەی کە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق داوای پاکێجی تايبەتی کردووە پێشکێشی ميوانەکانی بکات.
 
ماوەی شەش ساڵە کارگەی راسان دامەزراوە و بەرهەمی زەيتوونی جوتياران بە بێ جياوازی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان وەردەگرێت.