لە کەرکووک فەرمانبەرانی گرێبەستی زانکۆ و وانەبێژان خۆپێشاندانیان کرد و داوای دامەزراندن دەکەن
رووداو - کەرکووک
نازە نازم، کە شەش ساڵە بە شێوەی گرێبەست لە زانکۆی کەرکووک دەوام دەکات، لەگەڵ 280 فەرمانبەری دیکەی زانکۆکە بە گرێبەست دەوام دەکەن و مووچەی مانگانەیان 200 هەزار دینارە؛ حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە بیانکاتە هەمیشەیی.
نازە نازم، فەرمانبەری گرێبەست لە زانکۆی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە وەرزی هاوین بە 100 هەزار و 75 هەزار دەواممان دەکرد، دەبێت چ خۆشییەک لەو مووچەیە ببینین کە تۆ نەتوانیت بژێویی ژیانی پێ بەڕێبکەیت، من دەمەوێت مافەکان وەکو فەرمانبەرێکی هەمیشەیی بێت و بتوانم مۆڵەت وەربگرم و مووچەم وەکو مووچەی ئەوان بێت."
فەرمانبەرانی گرێبەستی زانکۆی کەرکووک 36ـەمین خۆپێشاندانیان کرد، زۆربەیان لە شەش ساڵەوە تاوەکو 15 ساڵ خزمەتیان هەیە و هێشتا هەر گرێبەستن، توڕەن و داوای چارەسەری بەپەلە لە حکومەتی عێراق دەکەن.
بەهرە وێبار، فەرمانبەری گرێبەست ئاماژە بەوە دەکات، "دەرچووی ساڵی 2012 بۆ 2013م و تائێستا گرێبەستم، کەسی وا هەیە ساڵی رابردوو دەچووە یان سێ مانگە زانکۆی تەواو کردووە و دامەزراوە و پارەی داوە، ئێستا دامەزراندن بە پارەیە و ئەگەر پارەت نەبێت دانامەزرێیت."
نەبوونی یەکسانی لە دامەزراندن و جیاوازیکردن لەنێوان نەتەوەکانی پارێزگاکە هێندەی دیکە خۆپێشاندەرانی نیگەران کردووە.
هیوا نەجمەدین، مامۆستای وانەبێژ باس لەوە دەکات، "پلەی دامەزراندن بۆ کەرکووک نایەت و ئەگەریش بێت ژێر بە ژێر دامەزراندن دەکەن و ئەوەی واستەی هەبێت یان پارە بدات بۆ ئەو دەبێت، چەندجار بە من گوتراوە کە دوو دەفتەر بدە و دادەمەزرێیت، من دوو دەفتەرم هەبوایە دەمێک بوو دامەزرابووم."
شەنگ فارووق، فەرمانبەری گرێبەستە و دەڵێت، "فەرمانبەرمان هەیە 16 ساڵە خزمەتی زانکۆی کەرکووک دەکات نەبووەتە هەمیشەیی، رەوا نییە 16 ساڵە نەبووەتە هەمیشەیی و یەکێک بێت کە دوو سێ مانگە دەرچووە و بە پارە دابمەزرێت."
بەشێک لە فەرمانبەرانی گرێبەستی شارەوانیی کەرکووکی هەشت ساڵە چاوەڕێ دەکەن بکرێنە هەمیشەیی و بەغدا بۆیان ناکات؛ ئەوانیش مانیان گرتووە و کارکردنیان لە شارەوانی هەڵپەساردووە.
ئەحمەد فوئاد، کارمەندی شارەوانیی کەرکووک دەڵێت، "10 ساڵە گرێبەستین، ئەمساڵیش تەواو بوو و خرایە ساڵی داهاتوو. هەموو ساڵێک ئاوامان لێدەکەن، یەکێک دەیخاتە سەر وەزارەتی داراییەوە یان دەیخەنە پاڵ وەزارەتێکی دیکە، نازانین چی بکەین، بەڵام دەزانین ئەم بابەتە دەستێکی لەپشتەوەیە."
بەشێک لە مەشقپێکراوانی کۆمپانیای نەوتی باکوور، دژی دانەمەزراندنیان، بۆ ماوەی چوار کاژێر هەر سێ دەرگای تەلاری پارێزگای کەرکووکیان داخست و رێگەیان نەدا رۆژی چوارشەممە 14-12-2022 دەوامی پارێزگا بکرێت.