له قه‌ڵادزێ گه‌نجێك به‌هۆى كۆنهقینهوه ده‌كوژرێ
رووداو - قه‌ڵادزێ
سه‌فین به‌ناوى میواندارییه‌وه روخسه‌تى له باوكى وه‌رگرت و چووه ده‌ره‌وه، به‌ڵام زۆرى نه‌برد په‌یوه‌ندییان به باوكییه‌وه كرد كه سه‌فین برینداره. هه‌تا باوكى گه‌یشتبووه لاى، كوڕه‌كه‌ی گیانى ده‌رچووبوو. كه‌سوكاره‌كه‌ى ده‌ڵێن سه‌فین له‌لایه‌ن دوو كه‌سه‌وه كوژراوه و یه‌كێك له بكوژه‌كان كه‌مئه‌ندامه.
سه‌فین حوسێن ئیبراهیم، ته‌مه‌ن 30 ساڵ، دانیشتووى گه‌ڕه‌كى راپه‌ڕینى قهڵادزى، سه‌عات 9:30ى خوله‌كى شه‌وى 30/11/2019 له نزیك گۆڕستانى راپه‌ڕین به چه‌قۆ كوژرا. دواى رووداوه‌كه پۆلیس دوو كه‌سى به تۆمه‌تى كوشتنى ده‌ستگیركرد.
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوته‌بێژی پۆلیسی راپه‌ڕین به (رووداو)ی راگه‌یاند: "له نزیك گۆڕستانى راپه‌ڕین له قه‌ڵادزێ كێشه له نێوان سێ كه‌س دروست بووه، به‌و هۆیه‌وه كوڕێكى ته‌مه‌ن 22 ساڵ به چه‌قۆ كوژراوه. به‌هۆى ئه‌و تاوانه‌وه دوو كه‌س به ناوه‌كانی (ها.پ.ب) له‌گه‌ڵ (ه.ڕ.ح) به‌پێى مادده‌ی 406 له یاسای سزاكانى عێراق ده‌ستگیركراون".
به گوته‌ى رائید شۆڕش، بێجگه له‌و دوو تۆمه‌تباره، پۆلیس كه‌سێكى دیكه‌شى ده‌ستگیر كردووه كه به‌پێى یاساى خراپ به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندى سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركراوه. ئه‌و كه‌سه دواى رووداوه‌كه وێنه‌ى قوربانییه‌كه‌ى گرتووه.
سه‌باره‌ت به كێشه‌ى نێوان كوژراو و بكوژه‌كان، رائید شۆڕش ئیسماعیل ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد كه ئه‌وانه پێشتر كێشه له نێوانیاندا هه‌بووه، ئاشتكراونهتهوه به‌ڵام دواتر كێشه‌كه سه‌ری هه‌ڵداوه‌ته‌وه. ئه‌وان به ته‌له‌فۆن قسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كدى كردووه كه بچن له‌و شوێنه یه‌كدى ببینن، له‌وێ بووه به‌شه‌ڕیان و یه‌كێكیان كوژراوه.
باوكى سه‌فین ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌ى پێشتر زۆر لاسار بوو، به‌رده‌وام له خه‌ڵكى بیستووه‌ته‌وه كه لۆمه‌ى كوڕه‌كه‌یان كردووه، به‌ڵام دواتر كوڕه‌كه‌ى وازى له لاسارى هێناوه و خه‌ریكى كار و كاسبى خۆى بووه.
حوسێن ئیبراهیم ده‌ڵێت ئه‌و ئێواره‌یه كوڕه‌كه‌ى روخسه‌تى لێوه‌رگرتووه كه هاوڕێیه‌كى ده‌عوه‌تى كردووه له گوندى بنه‌وشان له پشده‌ر و ده‌چێته لاى ئه‌و. به‌ڵام دواى نانخواردن خزمێكیان ئاگاداری كردووه‌ته‌وه كه كوڕه‌كه‌ی برینداره.
حوسێن گوتى: "چووین بۆ گۆڕستانى راپه‌ڕین، پرسیم كوا كوڕه‌كه‌م، گوتیان بردوویانه بۆ نه‌خۆشخانه، كه چووم بۆ نه‌خۆشخانه گوتیان: خۆتان خۆش بن".
كوژرانى كوڕه‌كه‌ى حوسێن بۆ كێشه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هاوینى ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له بكوژه‌كاندا هه‌یبووه. حوسێن ده‌ڵێت: "هاوینى ئه‌مساڵ كوڕه‌كه‌م به ماتۆڕ به خێراییه‌كى زۆر به گه‌ڕه‌كێكدا رۆیشتبوو، پێده‌چێ خه‌ڵكى گه‌ڕه‌كه‌كه‌ى هه‌راسان كردبێ، له‌گه‌ڵ كوڕێكى گه‌ڕه‌كه‌كه بووبوو به كێشه‌یان، به‌ڵام زوو كۆتاییمان به كێشه‌كه هێنا و له‌گه‌ڵ ئه‌و كوڕه ئاشبوونه‌وه".
كێشه‌ى نێوان سه‌فین و ئه‌و كوڕه جارێكى دیكه سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، به‌ڵام باوكى ده‌ڵێت هه‌تا ئه‌و كاته‌ى كوڕه‌كه‌ى كوژراوه له‌وه ئاگادار نه‌بووه. حوسێن گوتى: "ته‌له‌فۆنیان بۆ كردبوو، بردبوویان بۆ لاى گۆڕستانى راپه‌ڕین، یه‌كێكیان كه كه‌مئه‌ندامه گرتبووى، ئه‌وه‌ى دیكه‌ش به چه‌قۆ لێیدابوو".
حوسێن پرسه‌ى بۆ كوڕه‌كه‌ى دانه‌نا، چونكه پێیوایه به "غه‌در" كوژراوه، ئه‌و داواى له بنه‌ماڵه‌ى هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه كردووه له سنووره‌كه نه‌مێنن، نه‌وه‌ك یه‌كێك له بنه‌ماڵه‌كه‌ى تۆڵه‌ى كوژرانى سه‌فینیان لێ بكاته‌وه. حوسێن گوتى: "ئێمه هیچ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌سوكارى بكوژه‌كان نییه، چاوه‌ڕێین یاسا كاری خۆی بكات".
به گوته‌ى پۆلیس و باوكى سه‌فین، ئه‌و كه‌سه‌ى چه‌قۆى له سه‌فین داوه ناوى (ه.پ.ب)یه، باوكى ئه‌و تۆمه‌تباره دانیشتووى هه‌مان ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌یه كه ماڵى سه‌فینى لێییه. ئه‌و به (رووداو)ى گوت "ئێمه ده‌زانین بنه‌ماڵه‌ی قوربانییه‌كه زۆر باشن و ئه‌وه‌نده دواكه‌وتوو نین ته‌ڕ و وشك به‌یه‌كه‌وه بسووتێنن، به‌ڵام له‌به‌ر سه‌لامه‌تیى خۆمان گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان جێهێشت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ى كێشه‌ى نێوانمان چاره‌سه‌ر ده‌كرێ".
باوكى (ه) هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ماڵى سه‌فین هه‌رچییه‌ك بڵێن ئێمه ئاماده‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر داوا بكه‌ن كوڕه‌كه‌شم له تۆڵه‌ى خوێنى سه‌فین بكوژرێته‌وه، هه‌ر ئاماده‌م".
(ه.ر.ح) تۆمه‌تبارى دووه‌مه كه ده‌گوترێت له‌كاتی تاوانه‌كه‌دا (سه‌فین)ی گرتووه بۆ ئه‌وه‌ى تۆمه‌تباره‌كه‌ى دیكه به چه‌قۆ لێى بدات. باوكی ئه‌و تۆمه‌تباره ده‌ڵێت: "كه هه‌واڵه‌كه‌م بیست، تووشى شۆك بووم، قه‌ت له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم كوڕه‌كه‌م كارێكى وه‌ها بكات. تاوه‌كو ئێستاش له كوڕه‌كه‌م نه‌پرسیوه‌ته‌وه، چونكه به‌ڕاستى تاوانێكى گه‌وره‌ى كردووه".