ژنەكەیان پێ‌ تەڵاق دا و كوشتیان

رووداو- هەولێر

زیاتر لە ساڵ و نیوێك لەمەوبەر بەدەستی كوڕە خاڵەكانی كوژرا، پیاوێكی عەرەبیش كە لە نزیك شوێنی رووداوەكە وەستابوو، گوللەیەكی بەركەوت و مرد. پۆلیس بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 13 كەس دەركرد، بەڵام هیچیان نەگیران.

بێستوون كەمال پێشمەرگە بوو، 20 ساڵ لەمەبەر هاوسەرگیری لەگەڵ (ه.ع) كردبوو. ئەوان خاوەنی سێ منداڵ بوون، بەڵام لە ساڵی 2016 وەك برای بێستوون دەڵێت، زانییان كە (ه) خیانەتی لە بێستوون كردووە، بۆیە بێستوون بڕیاری دابوو لێی جیاببێتەوە.

فەرەیدوون كەمال كە برای بێستوونە، دەڵێت: "براكەم زانیبووی هاوژینەكەی ناپاكی لەگەڵ دەكات، بۆیە بڕیاری دا لێی جیابێتەوە، بەڵام خاڵێكمان كە ئەو بابەتە هیچ پەیوەندییەكی بە ئەوەوە نەبوو، لەگەڵ ماڵی خەزووری براكەم رێككەوت كە ئێمە 50 هەزار دۆلار بدەینە ماڵی خەزووری براكەم لە بەرامبەر جیابوونەوەی لە ژنەكەی، بەڵام ئێمە قبوڵمان نەكرد ناپاكی لە براكەم بكرێت و لەبەرامبەر جیابوونەوەش لێی داوای پارەمان لێبكەن".

بێستوون پەنا بۆ دادگا دەبات، بەڵام خاڵیان دەیەوێ‌ كێشەكە بە عەشایری چارەسەر بكات. 

فەرەیدوون دەڵێت "ئەیلولی 2016 هاتنە سەر رێگەم و تەقەیان لێكردم و برینداریان كردم. 

وایانزانی مردووم و بەجێیانهێشم، بەڵام بردرامە نەخۆشخانە و نەشتەرگەرییان بۆ كردم و چاك بوومەوە. من سكاڵام لەسەر تەقەكەرەكان تۆمار كرد كە دوو كوڕی خاڵم و هاوڕێیەكیان بوو، بەڵام خاڵم بە تەلەفۆن هەڕەشەی لە باوكم كرد كە ئەگەر لە سكاڵاكە پاشگەز نەبمەوە یەكێك لە كوڕەكانی دەكوژێت، بۆیە سكاڵام لەسەر خاڵیشم تۆمار كرد".

لە كۆتایی ئایاری 2017 بێستوون لە دادگا هاوژینەكەی تەڵاق دا، بەڵام هەفتەیەك دواتر كوژرا. فەرەیدوون دەڵێت: "خاڵم دوو برا و كوڕێكی خۆی ناردبووە سەر رێگەی براكەم و لە نزیك ماڵی خۆیان رێگەیان لێگرت و كوشتیان. هەروەها پیاوێكی عەرەبیش كە لەوكاتەدا لەوێ بوو، بە گوللەی ئەوان كوژرا".

دوای تێپەڕبوونی ساڵ و نیوێك بەسەر رووداوەكەدا، فەرەیدوون داوا دەكات بكوژانی براكەی دەستگیر بكرێن. ئەو دەڵێت: "دادوەر 23 جار فەرمانی دەستگیركردنی بۆ تاوانبارەكان دەركردووە، بەڵام ئەوان هەڵاتوون و هێشتا دەستگیرنەكراون، ئەگەر حكومەت دەستگیریان نەكات، ناچارین بەدەستی خۆمان تۆڵەی براكەمان بكەینەوە".

ئێستا فەرەیدوون لەگەڵ باوكی و شەش كەسی دیكەی بنەماڵەكەی هەڵاتوون، چونكە وەك خۆی دەڵێت: "لە 21/4/2017 ، واتە دوو مانگ پێش كوشتنی براكەم، ئەوان هاتنە سەر رێگەی و تەقەیان لێكرد، براكەشم تەقەی لێكردبوونەوە، گوللەیەك بەر قاچی یەكێكیان كەوتبوو، لەسەر ئەوە ئێستا باوكم و 7 برام فەرمانی دەستگیركردنمان بۆ دەرچووە، ئەوان منیان بریندار كرد و براكەشمیان كوشت، هێشتاش نەگیراون و هەڕەشەمان لێدەكەن".

بەڵام فازڵ عەزیز كە خاڵی بێستوونە، رەتیدەكاتەوە كوژرانی بێستوون پەیوەندی بە جیابوونەوەی لە هاوژینەكەی هەبێت و دەڵێت: "راستە من ویستم كێشەكە لەڕێگەی سوڵح چارەسەر بكەم، ئەوان گوتیان لە مەسەلەی جیابوونەوەیان لایەنگریمان بكە، بەڵام من قبوڵم نەكرد و گوتم لەگەڵ هیچ تەڵاقدانێك نیم، پێشمنەگوتوون بە پارە لەگەڵ ماڵی كچەكە رێكبكەون".

فازڵ كێشەكە بۆ هۆكاری دیكە دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "فەرەیدوون و باوكی و سێ برای لەگەڵ چەند كەسێكی دیكە بە دوو ئۆتۆمبێل كەمینیان بۆ كوڕێكی من دانابوو، لێیاندا و وایانزانیبوو مردووە، كوڕەكەم ئێستا سەقەتە. دواتر فەرمانی دەستگیركردن بۆ حەوت كەسیان دەرچوو. هەروەها دوای كوژرانی بێستوون لەناو ماڵی خۆم تەقەیان لە منیش كرد".

سەبارەت بە كوشتنی بێستوون، فازڵ عەزیز دەڵێت: "ئەو رۆژە بێستوون رێگەی لە دوو برا و كوڕێكم گرتبوو، ببووە دەمەقاڵێ و شەڕە تەقەیان، ئەوانیش بێستوونیان كوشت، بۆیە ئەوان سكاڵایان لەسەر من و تەقەكەرەكان تۆمار كردووە".

بەهۆی كوژرانی بێستوونەوە ئێستا فەرمانی دەستگیركردن بۆ 14 كەس لە هەردوولا دەرچووە، بەڵام هیچیان خۆیان رادەست ناكەن و هەڵاتوون. فازڵ عەزیز دەڵێت: "ئێمە غەدرمان لێكراوە، بۆیە با ئەوان خۆیان رادەستبكەن، ئێمەش خۆمان رادەستی پۆلیس دەكەین".

فازڵ عەزیز دەڵێت ئامادەیە 200 هەزار دۆلار بدات لە بەرامبەر خوێنی بێستوون، بەڵام كەسوكاری بێستوون داوای 800 هەزار دۆلاری لێدەكەن و دەبێ‌ بۆ ماوەی هەشت ساڵیش نەیەتەوە گوندەكەی.


لەبارەی ئەوەی كێشەكە چەندە پەیوەندی بە جیابوونەوەی بێستوون و هاوژینەكەی هەیە، محەممەد عوسمان، برای هاوژینی بێستوون بە (رووداو)ی گوت: "ئەو كێشەیەی ئەوان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. راستە خزمەكانیان داوایان لە فازڵ كردبوو كێشەكە چارەسەربكات، بەڵام ئەوان بە فازڵ-یان گوتبوو خەتای تۆیە و دەتەوێت پارە وەربگری، بۆیە فازڵ نەچوو و گوتی من هیچ پەیوەندییەكم بەو كێشەیەوە نییە".

محەممەد عوسمان دەشڵێت "ئەگەر كێشەكەی نێوانیان پەیوەندی بە جیابوونەوەی بێستوون و خوشكەكەمەوە هەبووایە یان رێككەوتنێك لەنێوان ئێمە و فازڵ عەزیزدا هەبووایە ئێستا ئێمەش لەناو كێشەكەدا دەبووین".

عوسمان ساڵح، باوکی (هـ) دەڵێت، سەرەتای کێشەکە دەگەڕێتەوە بۆ 20 ساڵ پێش ئێستا. ئەو بە رووداوی گوت "20 ساڵ پێش ئێستا فەرەیدوون خوشکێکی خۆی کوشت، دواتر ئەوان هاتنە لای باوکم سوڵحی کێشەکەی بۆ کردن، لەو کاتەشەدا خوشکی ئێمە درا بە بێستوون و گەورە بە بچووک کرا، ئەوانیش گوتیان سێ کچتان پێدەدەین (هەرچەند دواتر نەیاندا). ئێستا ئەوان خوشکەکەی ئێمەیان تەڵاق داوە و لە دادگاش هیچیان پێنەدا. ئەوان راست ناکەن خوشکی ئێمە هەرگیز خیانەتی نەکردووە بەڵام ئەوان تۆمەتیان بۆ دروستدەکرد".