لە لالش جەژنی رۆژووی ئێزی کوردانی ئێزدی بەڕێوەچوو
رووداو - لالش
جەژنی رۆژووی ئێزی کوردانی ئێزدی ساڵانە دەکەوێتە هەفتەی کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم ، دوای ئەوەی بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕۆژوو دەبن ، رۆژی چوارەم دەکەنە جەژن.
دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014 ، کوردانی ئێزدی بۆ جەژنی رۆژوو رێوڕەسمییان ساز نەدەکرد، بەڵام بەبڕیاری جڤاتی رۆحانی کوردانی ئێزدی لەمەودوا هەموو جەژن و بۆنەکانی تایبەت بە کوردانی ئێزدی لەکاتی خۆیاندا یادیان دەکرێتەوە و رێوڕەسمیان بۆ ساز دەکرێت.
بۆ جەژنی ئەمساڵ، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی لالشی کردوو پیرۆزبایی لە کوردانی ئێزدی کرد و رایگەیاند: "ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەکانی گەلی عێراق. ئەم جەژنەی برایانی ئێزدی مایەی شانازییە بۆ ئێمەش، چونکە ئایین و نەژاد و کولتووریان بەشێکە لە کولتوور و دابونەریتی عێراقی کە عێراق بە فرەرەنگیی و تایبەتمەندییەکانیانەوە دەوڵەمەندە".