نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی بنیاتنانی سلێمانی: هەمیشە شارێکی زیندوو و کاریگەر بووە

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ 239 ساڵ بەسەر بنیاتنانی شاری سلێمانیدا تێدەپەڕێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو بۆنەوەیەوە جگە لە پیرۆزباییکردن لە خەڵکی شارەکە، دەڵێ سلێمانی شارێکی زیندووە و رۆڵ و پێگەی کاریگەر و دیارە. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 14-11-2023) لەڕێگەی هەژمارەکانییەوە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا پیرۆزبایی دامەزراندنی سلێمانی کرد.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی "بە بۆنەی 239ـیەمین ساڵیادی بنیاتنانی پایتەختی رۆشنبیریی كوردستان، شاری سلێمانیی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خه‌ڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم."
 
هەروەها دەڵێ "سلێمانی هەمیشە شارێكی زیندوو بووە و رۆڵ و پێگەیەكی كاریگەر و دیاری لە خەبات و قوربانیدان بۆ ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان هەبووە. بە ئومێدی ئاوەدانی و گەشە و پێشكەوتنی بەردەوام بۆ سلێمانی و سەرجەم شارەكانی دیكەی كوردستان."
 
ئیبراهیم پاشای بابان بەردی بناخەی سلێمانی داناوە. سلێمانی پایتەختی ئەوکاتی میرنشینی بابان بوو و ئێستاش پایتەختی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستانە.