هێرشی ئێران زیان بە دانیشتووانی ژمارەیەک گوندی سنووری سیدەکان دەگەیێنێت


رووداو دیجیتاڵ

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بە تۆپ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستانی کرد. ناوچەکانی بەربزین و بناری چیای سەقەڕ کرانە ئامانج و لە گوندەکانی دەرهۆڵ، کەتینە و بن پەرێزە زیانی ماددی بە گوندنشینان گەیاند و قوتابخانەکان داخران. 
 
جابر برادۆستی، مامۆستایەکە و دەڵێت، "ژیانمان لێ تێکچووە رۆژێک بۆردوومان و رۆژێک تۆپباران، هیچ رۆژێکی خۆشمان نییە لە ناوچەکە، ئەو رۆژانەی بۆردوومانیش ناکرێت فڕۆکە لە ئاسمانی گوندەکە دەسووڕێتەوە".
 
جگە لە تۆپبارانی ناوە ناوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بەبەردەوامی بە ئاسمانی ناوچەکە دەسووڕێتەوە و بۆردوومانیش دەکات.
 
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارۆچکەی سیدەکان دەڵێت، "ئەو تۆپبارانە وایکردووە کە ترس و دڵەڕاوکێی زۆر لە لایەن خەڵکەوە دروست بێت ئەگەر بەم شێوەیە بێت گوندی زیاتر چۆڵ دەبن و خەڵکی لە کار و کاسبی دەخات."
 
ئەمساڵ لە نێوەڕاستی مانگی نۆوە تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانی ئێران رووبەرێکی بەرفراوانی برادۆستی کردە خەڵوز، بۆیە شتێک نەماوە لەو ناوچانە تا زیانیان بەر بکەوێت. بەڵام لە بۆردوومانی فڕۆکەکان رەز و باخی خەڵکی زیانیان بەردەکەوت.