جەبار یاوەر: ئەم ساڵ داعش 21 کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچە دابڕاوەکان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

جەبار یاوەر دەڵێت، "رێکخراوی داعش هێزی جارانی نەماوە، بەڵام بە تەواوەتیش لەنێو نەچووە. داعش بەشێوەی گرووپی بچووک لە کارە تیرۆریستیەکانی بەردەوامە."
 
جەبار یاوەر، پسپۆڕی سەربازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەگەر بەراوردێک لەنێوان جموجووڵەکانی داعش بکرێت، ئەوا روون دەبێتەوە زۆر لاواز بووە؛ بۆ نموونە، ئەو رێکخراوە پەڕگیرە لە ساڵی "2018دا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لە پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەلاحەدین و نەینەوا 456 کردەی تيرۆریستى ئەنجامدابوو، بەڵام لە 9 مانگی ئەم ساڵدا تەنیا 21 کردەی تیرۆریستی کردووە."
 
بە گوتەی جەبار یاوەر، لە ئەنجامی ئەو، "کردە تیرۆریستیانەی ئەم ساڵدا 12 کەس کوژراون، بریندار بوون و رفێندراون."
 
لەبارەی سەرچاوەی داهاتی داعش، جەبار یاوەر دەڵێت: "زیاتر لە رێگەی ئەو کەسانەوەیە لە دەرەوەی وڵاتن و خۆشەویستییان بۆ داعش هەیە. ئەو کەسانە لە رێگەی هەژماری نهێنییەوە پارەیان بۆ دەنێرن."
 
هەر لە بارەی هەمان بابەت کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بە رووداوی راگەیاند، "لە پارێزگای سەلاحەدین داعش جموجووڵی هەیە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکەن و ئاگادارن."
 
کاوە شێخانی گوتی، "هێزە ئەمنیەکان زۆربەی پیلانەکانی داعش هەڵدەوشێنەوە. پارێزگاری سەلاحەدین هێزێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە سنوورەکە پێکهێناوە."
 
لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش، جەبار یاوەر دەڵێت، "ناتوانین ژمارەیان دیاری بکەین، چونکە بە گرووپی بچووک کاردەکەن، بەڵام لەوانەیە 300 بۆ 500 چەکدار لە هەموو عێراقدا هەبن."