کەشناسیی سلێمانی: سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەگەری بارانبارین هەیە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ و سبەی پلەی گەرما بە جێگیری دەمێنێتەوە و ئاسمان پەڵە هەور دەبێت. بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارین هەیە.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، "ئاسمان لەنێوان پەڵە هەور و نیمچە هەوردا دەبێت" و پلەی گەرماش لە شارە گەورەکان لەنێوان 30 بۆ 40 پلەی سیلیزی دەبێت.
ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلەی گەرما تاوەکو چەند رۆژی داهاتوو بە جێگیری دەمێنێتەوە، بەڵام لە سەرەتایی هەفتەی داهاتوودا نزم دەبێتەوە و ئەگەری شەپۆلێکی بارانبارین هەیە."
ئاسۆ کەمال گوتی، "لە هەرێمی کوردستان کەوتووینەتە نێو وەرزی پاییز. لەم وەرزەشدا پلەی گەرما بەگشتی بە ناجێگیری دەمێنێتەوە."
هەروەها محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا بارستە هەوایەکی سارد دەگاتە شارەکانی هەرێمی کوردستان و پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. لە 17-18 مانگدا شەپۆلێکی بارانبارین دەگاتە هەرێمی کوردستان."
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 34 پلەى سیلیزى
سلێمانی: 31 پلەى سیلیزى
دهۆک: 32 پلەى سیلیزى
کەرکووک: 36پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 35 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 34 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 23 پلەى سیلیزى
سۆران: 32 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 38 پلەى سیلیزى