پارتە حکومڕان و ئۆپۆزیسیۆنەکان لە سلێمانی گرەو لەسەر دەنگی ناڕازی دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای سلێمانی، ئەو بازنەیەی لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو دەنگدەرانی چەند جارێک لیستی دڵخوازی ژمارە یەکیان لە حیزبێکەوە بۆ حیزبێکی دیکە گۆڕیوە، یەکێتی، گۆڕان و تا رادەیەک نەوەی نوێ ئەسپی خۆیان تاوداوە.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی رابردوو لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین 10 کورسی بەدەستهێنابوو، ئێستا دەڵی تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 18 کورسیمان مسۆگەرە.
سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، بەربژێری یەکێتی دەڵێت: "بەو گۆڕانکارییانەی کردوومانە و بەسەرپەشتیی سەرۆک بافڵ چاوەری دەکەین لە سلێمانی 18 بۆ 20 کورسی بهێنینن و لە کوردستانیش 32."
پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێنی ئەوە دەدات داهاتی ناوخۆی سلێمانی بخاتە خزمەتی پارێزگاکە و پرۆژەکان دەستپێبکەنەوە، بەو دروشمە پێیان وایە کورسییەکانیان دوو هێندە زیاد دەکات.
هۆشیار سدیقە فەندی، سەرۆک لیستی پارتی لە سلێمانی دەڵێت: "کاردەکەین بۆ ئەوەی سلێمانی وەکو هەولێر و دهۆک لێ بکەین و ئارامی و ئاسایش بۆ شارەکە بگەرێنینەوە، هەلی کار دابین بکەین."
جگە لە یەکێتی و پارتی کە مێژوویەکی دێرینیان لە سلێمانی هەیە، لایەنە ئیسلامییەکان و حیزب و رەوتە نوێیەکانی وەک نەوەی نوێ، بەرەی گەل، گۆڕان، هەڵوێست چاویان لە کورسییەکانی ئەم پارێزگایە.
مستەفا عەبدوڵڵا،سەرۆک لیستی یەکگرتوو لە سلێمانی دەڵێت: "ئەگەر خەڵک دەنگ بەئێمە بدات، کاردەکەین بۆ ئەوەی کوردستان یەک زۆن بێت و وەکو یەک خزمەت بکرێت."
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسوێن، لەسنووری پارێزگای سلێمانی یەک ملیۆن و 496 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە 93٪ یان کارتی دەنگدانیان هەیە.