ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنین. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، بە گشتی چوار کۆگەن، هەموو ئەوانەش نەسووتاون، بەڵام دەبێ رێگری بکرێت لەوەی ئاگرەکە تەشەنە بسەنێت.
ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی دەکەوێتە نێوەڕاستی شارەکە؛ وەکو لە دیمەنەکان دەردەکەوێت، دووکەڵێکی گەورە بە ئاسماندا بەرزدەبێتەوە.
پێشەوا بەختیار و نزار جەزا پەیامنێرانی رووداو لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە رایگەیاند، ئاگر لە دوو کۆگەی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی کەوتووەتەوە و بەرەو کۆگەکانی دیکەش تەشەنە دەسەنێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی ئاگرکەوتنەوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمەکان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە. داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین بۆ سەلامەتیی خۆیان لە تیمەکان و شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە و لەبەر ئەوەی رێگە بە تیمەکانمان بدەن کارەکانیان بکەن."
بەشێکیان سیستمی ئاگرکوژێنەوەیان تێدابووە. بەشێک لەوانە کۆگەی ئاوی کانزایین، بەشێکیان هی کەلوپەلی خۆراکین، بەشێکیان کۆگەی پاککەرەوەن و بەشێکیان ئەو کەرەستانەن کە هاووڵاتییان رۆژانە لە مارکێتەکان بەکاریان دەهێنن.
پارێزگاری سلێمانی گوتیشی کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی "هەر لە یەکەم ساتی رووداوەکە لێرەن. بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی هەموومان بەیەکەوە لێرەین بۆ ئەوەی بتوانین لە زووترین کاتدا کۆنترۆڵی بکەین.
لەبارەی ئەوەی کە بۆچی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ئاسان نییە، هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی کە ئاگرەکە لە شوێنێکی دیاریکراوەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لەبەر ئەو کەرەستانەی لەوێن و ئەو کەرەستانەی بیناکان و کۆگەکانی پێ دروستکراوە، بەخێرایی دەسووتێن. بۆیە زۆر بەخێرایی تەشەنەی کردووە.
پارێزگاری سلێمانی دەشڵێت: شوێنەکە گەورەیە، کۆگەکان زۆرن و کەرەستەی زۆریان تێدایە.
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە نازانرێت و زیانەکانی ئاگرەکەش هێشتا دیار نین.
شایەتحاڵێک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە گوتی، شوێنەکە کەسی تێدانییە و زیانی گیانیی نەبووە. ئاگرەکە دوای کاتی کارکردن کەوتووەتەوە. گلەیی لەوەش دەکات کە "سەرەتا تەنیا یەک ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هات."