ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە لە سنووری کانی ماسێ کرایە ئامانج؛ سێ کەس لەنێویدا گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەکانی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پەکەکەیان لە سنووری ناحیەی کانی ماسێی سەر بە قەزای ئامێدی کردە ئامانج، بەپێی زانیارییەکانی رووداو سێ کەس بوونەتە قوربانی.
 
بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، فڕۆکەکانی تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە، 14-10-2023) ئۆتۆمبێلێکی گەریلاکانی پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی سووتاوە.
 
بەگوتەی هەمان سەرچاوەی ئەمنی بۆ رووداو، ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری تۆیۆتا کامری بووە، سێ کەسی تێدا بووە و هەرسێکیان لە هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، کاژێر 05:30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە کراوەتە ئامانج و، فەرماندەیەکی پەکەکە و دوو چەکدار کە لەگەڵیدا بوون، بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.