گەنجێکی کورد لە بەریتانیا خەڵاتی باشترین سەرتاشی بۆ ساڵی 2023 بەدەستهێنا

 
رووداو دیجیتاڵ

دانیال رەسووڵی گەنجێکی کوردە کە بە سەرتاشی نێوی خۆی و کوردی لە بەریتانیا درەوشاندووەتەوە. ئەمساڵ خەڵاتی باشترین سەرتاشی وەرگرتووە و سەرتاشێکی لێهاتووە، لەبارەی خەڵات و کارەکە و ناوبانگەکەیەوە میوانی دیاسپۆرا بوو و گوتی، سەرتاشی لێرە جیاوازە و هونەرێکی تایبەتە، "گرنگە دیزاینی قژتاشین بە خێرایی و خاوێنی بکرێت."
 
دانیال رەسووڵی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کوردستان تەنیا سەرتاشیم دەکرد، واتە هیچ هونەرێکم بەکارنەدەهێنا، بەڵام لە بەریتانیا زیاتر وێنە لەناو قژ دروست دەکەم و هونەری جیاواز بەکاردەهێنم، لێرەش ویستی زۆری لەسەرە، بەگشتی ستایلی قژتاشین لە بەریتانیا زۆر جیاوازە لە کوردستان."
 
سەبارەت بە وەرگرتنی خەڵاتەکەی ئەوەی خستەڕوو، "پێشتر بەشداریم لە کێبڕکێی باشترین سەرتاشدا کرد لە شاری مانچێستەر و سەرکەوتوو نەبووم؛ بەڵام لە رکابەریی ئەمساڵ توانیم سەرکەوتن بەدەستبهێنم و پلەی یەکەم ببەمەوە. بوومە باشترین سەرتاشی بەریتانیا بۆ ساڵی 2023."
 
دانیال رەسووڵی خەڵکی پشدەری باشووری کوردستانە و دەڵێت، "لێرە خولی سەرتاشیم هەیە و خەڵک فێری سەرتاشی دەکەین. کورد ئێستا لە بەریتانیا لە سەرتاشین پێشەنگە، لە کاتێکدا پێشتر تورکەکان باشترین سەرتاش بوون."