وەزیری بازرگانی: رێکارەکان تەواوبن ئەم هەفتەیە پارەی گەنمی جووتیاران دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی عێراق نزیکەی 150 ملیار دیناری بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرجکردووە و پارەکەشی کردووەتە چەک. وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای تەواوکردنی رێکارەکانی بانک، پارەکە دابەش دەکەن.

رۆژی شەممە 14ـی ئەیلوول، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەم هەفتەیە ئەگەر رێکارەکانی بانک تەواو بکرێت، ئەو پارەیەی بڕیاری خەرجکردنی دراوە دابەش دەکرێت."
 
9ی ئەیلوول بڕیاری خەرجکردنی پارەکە درا. ئەو بڕە پارەیەی چەکی خەرجکردنی دراوە، بە گوێرەی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە: پارێزگای هەولێر 47 ملیار و 373 ملیۆن دینار، سلێمانی و هەڵەبجە 67 ملیار و 841 ملیۆن و پارێزگای دهۆکیش 35 ملیار و 541 ملیار دینارە.
 
حکومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، 6ی حوزەیران فەرمانی بە کردنەوەی سایلۆکان کرد و تاوەکو دوایین رۆژ کە 20ی تەممووز بوو.
 
حکومەتی عێراق بایی زیاتر لە 590 ملیار دینار گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا 74 ملیار و 500 ملیۆن دیناری ناردووە.
 
ئەو پارەیەی تاوەکو ئەمڕۆ نێردراوە 28 ملیار دیناری بۆ جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 17 ملیاری بۆ هەولێر و 29 ملیار و 500 ملیۆن دیناریشی بۆ جووتیارانی دهۆک بووە.
 
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری دا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆن، لە پارێزگای هەولێر 228 هەزار تۆن و لە پارێزگای دهۆکیش 189 هەزار تۆن.
 
پار 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگیرا. ساڵی 2022ـش بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت، کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.