قوباد تاڵەبانی: مووچەخۆران دڵنیا دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە درێخی ناکەین

رووداو دیجیتاڵ 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆکانی رۆژی پێنجشەممەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا "زۆر راشکاوانە، جدی و ئەرێنی بوون." 
 
شەوی پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، قوباد تاڵەبانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "گفتوگۆکانی ئەمڕۆی سەرۆکی حکومەت و بەندەو و شاندی هەرێم لە بەغداد لەگەڵ هەر یەکە لە بەڕێزان سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان زۆر راشکاوانە و جدی و ئەرێنی بوون."
 
قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، خەڵکی کوردستان و بە تایبەتیش موچەخۆران "دڵنیا دەکەینەوە لە هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و موچە درێخی ناکەین."
 
رۆژی  پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
 
شاندەکە لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، ژمارەیەک لایەنی نێو پڕۆسەی سیاسیی و کەسایەتییە دیارەکان کۆبوونەوە.