مەسرور بارزانی: داوامان کردووە مووچەی هەموو مانگەکان دابین بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکان بۆ دەستەبەرکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانە.
گفتوگۆکان، وەکو مەسرور بارزانی دەڵێت، "بەردەوامن و هیوادارین بگەینە هەندێک رێکار کە هەموو شایستە و مافەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێت."
لەبارەی ئەوەی داوای چ بڕە پارەیەکیان لە بەغدا کردووە، مەسرور بارزانی گوتی، "با لەسەر ژمارەکە قسە نەکەین."
حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ مانگە مووچەی دابەشنەکردووە، سەرۆکوەزیران گوتی، "داوامان کردووە هەموو مووچەکان بۆ هەموو مانگەکان دابین بکرێت."
پێشتر، مەسرور بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو دا "گەشبین"ـی خۆی بۆ ناردنی مووچە لە هەفتەی داهاتوو لەلایەن بەغداوە دەربڕی.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوت: چ پەیامێکت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەیە؟ مەسرور بارزانی گوتی، "ئێمە بەئومێدین، با چاوەڕێبین تاوەکو کۆبوونەوەکان تەواو دەبن. زۆر زۆر گەشبینم، ئینشائەڵڵا لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران[ـی عێراق] بڕیاری باش دەدەن".
رۆژانی سێشەممان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی دەکات، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو سوودانی سەردانی ئەمریکا بکات، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 کۆبوونەوەکە بکرێت.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکەن.
ئەمڕۆ شاندەکەی حکومەت لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
مەسرور بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سوودانی "بیری هەموولایەکمان خستەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و هەمان چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە."
لە وەڵامدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوودانیش ئامادەیی خۆی نیشاندایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاساکان و جەختی لەوە کردەوە، کە بە هەموو لایەک هەوڵبدرێت بۆ دابینکردنی پشتیوانیی سیاسی لەپێناو دۆزینەوەی هەرچی زووتری چارەسەرە بۆ گشت کێشەکان."