پەروەردەی سلێمانی: وانەبێژان بایکۆت بکەن لە دەرەوەی شارەکان پەکمان دەکەوێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ لە رووی ئامادەکارییەوە باشترین ساڵیان بووە و توانیویانە هەموو کارەکانیان تەواو بکەن. لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژیشەوە دەڵێت، ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆت بکەن، ئەوا لە دەرەوەی شارەکان پەکیان دەکەوێت.
 
مامۆستایانی وانەبێژ یاداشتێکیان داوەتە وەزارەتی پەروەردە و داوای دامەزراندن و شایستە داراییەکانیان دەکەن و تاوەکو سەرەتای مانگی 10 مۆڵەتیان داوەتە وەزارەت، ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت ئەوا دەوام بایکۆت دەکەن.
 
عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەگەر مامۆستایانی وانەبێژ بایکۆتی خوێندن بکەن، رەنگە لەناو شارەکاندا پەکمان نەکەوێت، بەڵام لە دەرەوەی شارەکاندا ناتوانین، پەکمان دەکەوێت و مامۆستای دامەزراومان نییە و بە مامۆستای وانەبێژ شوێنەکانمان پڕکردوونەتەوە. ئەگەر ئەوان بایکۆت بکەن کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر خوێندن دەبێت. ئێمە پشتیوانیی وانەبێژان دەکەین و شەڕیان بۆ دەکەین."
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوە کرد، ئەمساڵ لە رووی ئامادەکارییەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن باشترین ساڵیان بووە؛ لە پشووی هاویندا هەموو گواستنەوەیەکی مامۆستا و قوتابییانیان تەواو کردووە و توانیویانە لە مانگەکانی 7 و 8ـدا هەموو کارەکانیان تەواو بکەن.
 
عومەر ئەمین گوتیشی: "ئێمە لە سنووری خۆماندا 1837 قوتابخانەمان هەیە. ئەگەر ساڵانە 100 قوتابخانەمان بۆ دروستبکرێت، بە دڵنیاییەوە گرفتی کەمیی قوتابخانەکانمان چارەسەر دەبێت. هەر خێرخوازان قوتابخانە دروست دەکەن، ئەگەرنا لە ساڵی 2014وە حکومەت قوتابخانەی دروستنەکردووە." 
 
رۆژی سێشەممە 2022/09/13، دەوامی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد. بڕیارە سێ رۆژی یەکەمی دەوام هیچ وانەیەکی فەرمی نەخوێندرێت و باسی خۆشەویستیی نیشتمان، دوورکەوتنەوە لە چەک و تەقەمەنی، دوورکەوتنەوە لە ماددەی هۆشبەر، هۆشیاری لە بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پاراستنی ژینگە بکرێت.
 
زۆربەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی شارەکانی هەرێمی کوردستان گرفتی کەمی و کۆنیی قوتابخانەکانیان هەیە کە بەرگەی ئەو ژمارە زۆرەی قوتابییان ناگرن.
 
دلێر مەحموود، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیاریی پەروەردەی هەڵەبجەیش رایگەیاند: "ئەمساڵ زۆر باشتر ئامادەکاریمان کردووە، بەڵام کەموکوڕییەکانیش هەر ماون. جگە لەوەی کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی 20 قوتابخانەی بۆ نۆژەن کردینەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە ماون کە پێویستە نۆژەن بکرێنەوە." 
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیاریی پەروەردەی هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، ئەوان 98 بینای قوتابخانەیان هەیە کە 147 دەوامیان تێدا دەکرێت. ئەو قوتابخانانەی پێش ساڵی 2003 دروستکراون بچووکن و بۆ ئەم سەردەمە گونجاو نین.
 
دلێر مەحموود گوتیشی: "بینایەکی شیاومان نییە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی سەرپەرشتیاریی پەروەردەی هەڵەبجە. لە رووی میلاکەوە لە هەبوونی مامۆستادا باشین، بەڵام لە فەرمانبەردا باش نیین."