کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەست بە دابەشکردنی 2.4 ملیۆن کارتی بایۆمەتری دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، دوایین کاروانی کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە بەدەستمان گەیشتووە لە 2 ملیۆن و 400 هەزار کارت پێکهاتووە، ئێستاش سەرقاڵی دابەشکردنی ئەو کارتانەیەن بەسەر خاوەنەکانیان.
 
نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 14-09-2021 بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە: "کارتەکانی بایۆمەتریی دەنگدان بە چەند قۆناخێک چاپکراون، دوایین کاروانی ئەو کارتانەش کە بە دەستی کۆمیسیۆن گەیشتووە لە 2 ملیۆن و 400 هەزار کارت پێکهاتووە، ئێستاش کۆمیسیۆن لە رێگەی نووسینگەکانی خۆی لە پارێزگاکان و ناوەندەکانی تۆمارکردن و تیمە گەڕۆکەکانەوە رۆژانە سەرقاڵی دابەشکردنی ئەو کارتانەیە بەسەر دەنگدەران و کارتەکان دەدرێتە خاوەنەکەی ئەوەش دوای وەرگرتنی پەنجەمۆر و واژووکردنی لەسەر وەرگرتنی کارتەکەی".
 
نیبراس ئەبو سۆدە گوتیشی: "نزیکەی 17 ملیۆن کارتی بایۆمەتریی دەنگدان چاپکراون، هەروەها 4 ملیۆن و 670 هەزار کارتی دەنگدان لەنێوبران، ئەو کارتانەش دوو جۆرن؛ بەشێکیان کارتی بایۆمەترین و لە قۆناخی نوێکردنەوەی زانیارییەکان لە 1ی مانگی شووباتی 2021 تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردوو رادەستی خاوەنەکانیان کران و ناوی کارتە گۆڕدراوەکانیان لێنرا، چونکە کارتە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان لە دەنگدەران وەرگیرانەوە و ئەو کارتە بایۆمەترییانەیان پێدرا. جۆری دووەمیش کارتەکانی سەردەمی هەڵبژاردنی ساڵی 2014 ەن کە خاوەنەکانیان وەریان نەگرتوونەتەوە".
 
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد: "کڕینی کارتی دەنگدەران تاوانە و یاسا سزای زیندانیکردنی بۆ دەستنیشان کردووە، هاوکات ئەو کارە بەفیڕۆدانی پارەیە، چونکە کۆمیسیۆن لە رێگەی چەند بڕیارێکەوە کارتی دەنگدانی پاراستووە، لەوانە دەبێ دەنگدەر لە رۆژی دەنگداندا کارتی بایۆمەتری و بەڵگەنامەیەکی دیکەی پێبێت وەک (کارتی یەکگرتوو یان ناسنامەی باری شارستانی یاخود ناسنامەی عێراقی)، هاوکات پەنجەمۆری دەنگدەر وەردەگیرێت و لەگەڵ پەنجەمۆری کارتی دەنگدانەکەی بەراورد دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە کەسایەتیی دەنگدەرەکە، بۆیە تەنیا خاوەنی راستەقینەی کارتی دەنگدان دەتوانێ کارتەکەی بەکاربهێنێت".
 
سەبارەت بە ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نووسراوێک کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە دەڵێت: ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو هەڵبژاردنە مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەرە، زیاتر لە 17 ملیۆن لەو دەنگدەرانە کارتی بایۆمەترییان بۆ ئامادەکراوە، ئەوانی دیکەش کارتی ئەلیکترۆنییان هەیە.
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت: لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو دەنگدەران لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان دەنگدەدەن، کە زۆرینەیان لە باڵەخانەکانی قوتابخانەکاندا دەبن، بە تێکڕاش ئەو ناوەندانە بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر مافی دەنگدانیان دەبێت.
 
لەو هەڵبژاردنە 3249 بەربژێر بەشدارن، بەشێکیان سەربەخۆ و بەشێکی دیکەشیان بەربژێری 21 هاوپەیمانی و 109 پارت و لایەنی سیاسین، ئەو بەربژێرانەش رکابەریی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان.