وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: پارەی بەکارهێنانی رێگەوبانی نوێ بە کیلۆمەتر دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لەبارەی وەرگرتنی پارە لە خەڵکی بۆ رێگەی خێرا یان (ئۆتۆبان) لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو رێگەیانەی ئێستا هەن، خەڵک دەتوانێت بە خۆڕایی بەکاریانبهێنێت، بەڵام رێگەخێراکان کە بڕیارە بدرێتە وەبەرهێنەر، بەپارە دەبێت و بڕی پارەکەش بە کیلۆمەتر دەبێت.
لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئەمشەو دووشەممە 14-9-2020 پەخشکرا، باسی پرۆژەکانی رێگەوبان و کەموکوڕییەکانی لە هەرێمی کوردستان کرا. سدقی ئامێدی، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کە میوانی بەرنامەکە بوو رایگەیاند، رێگەی خێرا لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان دروستدەکرێت و ئێستا هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ شێوازی جێبەجێکردنی پرۆژەکان.
بە گوتەی سدقی ئامێدی، پرۆژەکان دەدرێنە وەبەرهێنەر و ئەو رێگایانە لەلایەن وەبەرهێنەرەوە جێبەجێدەکرێن و هیچ تێچوویەکی ناکەوێتە سەر حکومەت. لەبەرامبەردا بڕێک پارە دیاری دەکرێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی ئەو رێگایانە بەکاردەهێنن.
بەکارهێنانی رێگە خێرا نوێکان ئارەزوومەندانە دەبێت، بە گوتەی سدقی ئامێدی، بە رێگە خێراکان بەبێ کێشە دەگەیتە شوێنی مەبەست، بەڵام بەو رێگایانەی ئێستا هەن، رەنگە هێواشتر بێت.
سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە دیاری دەکرێت، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە گوتی، بڕی پارەکە بەپێی کیلۆمەتر دەبێت، بۆ نموونە، لە هەر 50 یان 100 کیلۆمەترێک وێستگەی وەرگرتنی پارە دابنرێت.
رەنج سەنگاوی، پێشکێشکاری بەرنامەکە پرسیاری ئەوەی لە سدقی ئامێدی کرد، ئایا پەشیمان دەبنەوە ئەگەر خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بەپارەکردنی رێگەکان رەخنەیان لێبگرن؟ سدقی ئامێدی وەڵامی دایەوە کە "پەشیمان نابینەوە" چونکە هاتووچۆکردن بە رێگەکانی ئێستا بە خۆڕایی دەمێننەوە. حکومەت پارەی خۆی لە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو رێگە خێرایانە دەستپێدەکات.
کۆتایی مانگی حوزەیران، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج، زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان باسی لە بەرنامەی حکومەت کرد بۆ کەرتی خزمەتگوزارییە سەرەکییان و رایگەیاند، ئەوان پلانیان داناوە هەر سێ سێکتەری "ئاو، کارەبا و رێگەوبان" بدەنە کەرتی تایبەت.
بە گوتەی زاگرۆس فەتاح، وەزارەتی پلاندانان بەرنامەی داناوە هەندێک لە سێکتەرەکانی ئابووری لەوانە رێگەوبان بداتە کەرتی تایبەت و شۆفێرەکان ناچار بکات پارەی بەکارهێنانی شەقامەکان بدەن.
دوای ئەو لێدوانەش، وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە بەکارهێنانی رێگەوبانەکان بە پارە، دەڵێت، هەموو ئەو رێگایانەی تاوەکو ئێستا کراون، ناکرێنە پارە و هاووڵاتیان دەتوانن وەک رابردوو بێبەرامبەر بەکاریان بهێنن، "بەڵام وەزارەت پلانی هەیە هەندێک رێگەی نوێ لەنێوان شارەکان دروستبکات وەکو رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی و شۆفێر دەکرێت لە کاتی بەکارهێنانی دوو بۆ سێ هەزار دینار بدات".