دوو کەمپی ئاوارەکان لە سنووری سلێمانی داخران
رووداو - سلیمانی
دوو کەمپی ئاوارەکان، کە رۆژانێک پڕ بوون لە ئاوارەی عەرەب و هاونیشتمانییانی ئاوارەی کەرکووک و خورماتوو، بەهۆی گەڕانەوەی بەشێکی زۆری ئاوارەکان داخران.
کەمپی بەرزنجە لە 152 کابینە پێکدێت، لەگەڵ کەمپی سوورداش کە لە 400 کابینە پێکدێت بەم دواییە داخراون. کەمپی بەرزنجە قوفڵ لە دەرگاکەی دراوە، بەڵام کەمپەکەی دیکە هێشتا چەند خێزانێکی کەمی تێدا دەژی، کە بەویستی خۆیان لەوێ ماونەتەوە و گوتوویانە پێویستییان بە هیچ خزمەتگوزارییەک نییە، بۆیە "حیسابی داخستنی بۆ دەکرێت".
رێبین مەحموود، بەڕێوەبەری کەمپی سوورداش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سەرەتا 146 خێزانی ئاوارەی بە رەگەز عەرەب لە کەمپی بەرزنجە نیشتەجێبوون، دواتر بەشێکیان گەڕانەوە و بەشێکی دیکەیان بۆ کارکردن روویان لە شارەکان کرد، لەکاتی رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەریش ئاوارەی کەرکووک و خورماتوو تێیدا نیشتەجێبوون، کە ئەوانیش زۆربەیان گەڕانەوە".
ئەو ئاوارانەی لە کەمپی بەرزنجە مابوونەوە و نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەگوتەی رێبین مەحموود "روویان لە قەزا و ناحیەکانی ناوچەکە کرد. بەگشتی لە کۆتاییەکەیدا تەنیا 14 خێزانی عەرەب لە کەمپەکە مابوونەوە، کە ئەوانیشمان گواستنەوە بۆ کەمپی ئاشتی لە عەربەت و، ئێستاش دەرگای کەمپەکەمان داخستووە".
لەبارەی کەمپی سوورداشیشەوە، کە سەرجەم دانیشتووانەکەی ئاوارەی کەرکووک و خورماتوو بوون، محەممەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی سوورداش بە رووداوی راگەیاند "نزیکەی 40 خێزان لە کەمپی سوورداش مابوونەوە و رێکخراوەکانی یونیسێف و نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداریان کردنەوە ئەو کەمپە مەرجی کەمپی تێدا نەماوە، ئەگەر دەیانەوێت هاوکاری بکرێن دەیانگوازنەوە بۆ کەمپی ئاشتی لە عەربەت".
بەڕێوەبەری ناحیەی سوورداش گوتیشی "ئێستا لە کۆی ئەو 40 خێزانە، 18 خێزان لەسەر داوای خۆیان لە کەمپەکەدا ماون و گوتیانە دەمێنینەوە هیچ هاوکارییەکمان ناوێت، بۆیە حیسابی داخراوی بۆ کەمپەکە دەکرێت".