ئاگرەکەی هەریر کۆنترۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێک لەنزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان لە هەریر کەوتەوە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و زیانی گیانی نەبووە.
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراون، دوای کاژێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (دووشەممە 14ـی ئابی 2023)، لە ناحیەی هەریر و لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی هاونیشتمانیان، ئاگرێک کەوتووەتەوە. شێروان جەلال، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر گوتیشی، ئاگرەکە بەهۆی پووش و پاوانەوە بووە و هەر پووش و پاوانیش سووتاوە.
ناحیەی هەریر سەر بە قەزای شەقڵاوەیە لە پارێزگای هەولێر، دانیشتووانەکەی زیاتر لە 22 هەزار کەسن.
بەگوێرەی ئاماری پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی رابردوو 7 هەزار و 546 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە.