فریاکەوتنی کەلار: بەهۆی تەقینەوە لە مەلەوانگەیەک چوار ژن رەوانەی نەخۆشخانە کران
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینەوەی مادەی کلۆرەوە لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی شاری کەلار، کە 30 ژنی تێدا بووە، چواریان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن. جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کەلار دەڵێت، لەژێر ئۆکسجیندان و مەترسی لەسەر ژیانیان نییە.
رۆژی دووشەممە 14ـی ئابی 2023، رزگار لەتیف، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کلۆر لە یەکێک لە مەلەوانگەکانی کەلار تەقیوەتەوە، کە لەو کاتەدا نزیکەی 30 ئافرەتی تێدابووە، لەنێویاندا 4 کەسیان تووشی هەناسەتەنگی بوون و ئێستا لەژێر ئۆکسجیندان لە نەخۆشخانەکەمان".
دووان لە ئافرەتەکان تەمەنیان لە دەوروبەری 20 ساڵدایە و دووانەکەی دیکەش لە نزیک 40 ساڵیدان. رزگار لەتیف گوتی، دۆخی تەندروستی هەر چوار کەسەکە باشە.
جێگری بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کەلار گوتیشی، وردەکاریی زیاتر لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە نازانن.
عەلی جەمال قدووری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە و دۆسێیەکە زیاتر پەیوەندی بە بەرگریی شارستانییەوە هەیە. گوتیشی، "دۆسێکە بێتە بەردەستمان، لێکۆڵینەوەی تێدا دەکەین و زانیاری لەسەر بڵاودەکەینەوە".
هاوکات ئیبراهیم محەممەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی کەلار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا لە رووداوی لەو شێوەیە ئاگادار نەکراونەتەوە تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەن.