نرخی ماسی لە هەرێمی کوردستان دادەبەزێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەراورد بە دوو مانگی رابردوو، نرخی ماسی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە. بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هۆکاری دابەزینی نرخەکە رێگەدانە بە هاوردەکردن و پێگەیشتنی ماسی نێوخۆ.
 
سەرەتای حوزەیرانی ئەمساڵ، نرخی کیلۆیەک ماسی گەیشتە 10 هەزار دینار؛ رۆژی یەکشەممە 14ـی ئابی 2022، سیروان سەعید، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی کیلۆیەک ماسی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بۆ شەش هەزار دینار دابەزیوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری دابەزینی نرخەکەی بەراورد بە دوو مانگی رابردوو، سیروان سەعید گوتی، "ئێستا رێگە دەدرێت بە هاوردەکردنی ماسی لە ئێران و پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە، لەکاتێکدا پێشتر بەهۆی نەخۆشییەوە رێگری لێدەکرا." 
 
کاتی پێگەیشتنی ماسی لەنێوخۆدا مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە؛ سیروان سەعید دەڵێت، پێگەیشتنی بەرهەمی نێوخۆش هۆکارێکە بۆ دابەزینی نرخی ماسی.
 
خواستی هەرێمی کوردستان بۆ ماسی ساڵانە 12 هەزار تۆنە؛ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسییەوە بەرهەمدەهێندرێت ساڵانە زیاتر لە شەش هەزار تۆن ماسییە و ئەوەی دەمێنێتەوە لە رێگەی هاوردەکردنەوە پڕدەکرێتەوە.
 
جگە لە بەرهەمی نێوخۆ، سەرچاوەی ماسی بۆ هەرێمی کوردستان پارێزگاکانی عێراق، وڵاتانی ئێران و تورکیان. بە گوتەی سیروان سەعید، ئێستا زیاتر ماسی زیندوو هاوردە دەکرێت و ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ خواستی خەڵک لەسەر ماسی زیندوو بۆ دڵنیابوونیان لە نوێبوونی ماسییەکە.
 
دوو جۆر پڕۆژەی بەخێوکردنی ماسی لە هەرێمی کوردستاندا هەن؛ ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە و ئەوانەی بێ مۆڵەتن. ئەوانەی مۆڵەتی فەرمیی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان هەیە، 405 پڕۆژەن و بەرهەمەکەیان ساڵانە سێ هەزار و 200 تۆنە؛ ئەوانەش مۆڵەتیان نییە هێندەی ئەوانەن کە مۆڵەتیان هەیە و بەرهەمەکەشیان دەگاتە ئاستی ئەوانەی کە مۆڵەتیان هەیە.