ژمارەی نەورەسەکانی دووکان کەمبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گردی دووگرتکانی دەریاچەی دووکان بە نیشتمانی نەورەسەکان ناسراوە، بەڵام ئێستا ژمارەی نەورەسەکان رۆژ لەدوای رۆژ کەمدەبنەوە و بەکەمی لە دوورگەکە دەبینرێن.
بێچووی نەورەسەکان ئێستا تەمەنیان نزیکەی 40 رۆژە. عەلی محەممەد، زیاتر لە 20 ساڵە لەپاڵ پیشەی راوەماسی چاودێریی نەورەسەکان دەکات، دەڵێت، هیچ ساڵێک وەک ئێستا مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی نەورەسەکان نەبووە و پێش هەڵفڕین بێچوەکانیان دەبنە خۆراکی سێڵەکان.
بە گوتەی ئەو راوچییە، کاتێک خەڵک لە نەورەسەکان نزیک دەبنەوە، دەچنە نێو ئاوەکە، "سێڵەکانێش بۆیان دێن و دەیانخۆن، رۆژانە 20 تاوەکو 30 بێچوو دەخۆن."
سێڵە گیاندارێکی وشکاوەکییە، مێیەی 40 تاوەکو 50 هێلکە لە وەرزی زۆربوونیاندا دادەنێت، خۆراکی سەرەکیی ئەو گیاندارە ماسییە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمیی ماسی لە دوورگەکە، بێچووی نەورەسەکان دەخۆن.
پێش هاتنی هاوین لێرە سەتان بەچکە نەورەس هەبوون، ئێستا دوای باڵەفڕبوونیان بۆ ناو دەریاچەکە، زۆریان نێچیری سێڵەکانن، بەوهۆیەشەوە ژمارەیان کەم بوونەتەوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین دەڵێت، ئەوان لە توانایاندا نییە بنکەی جێگیر لە دوورگەکە دابنێن بۆ چاودێریکردنیان، تەنیا چارەسەر بۆ پاراستنیان دانانی پەرژینی کاتییە تاوەکو کاتی هەڵفڕینی بێچووەکان.
شۆڕش کاکە، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی راپەڕین دەڵێت: ئەگەر ئەوانیش لە نزیکەوە چاودێرییان بکەن، سێڵەکە هەر راویان دەکات، چارەسەر ئەوەیە دوورگەکە سیاج بکرێت بۆ ئەوەی سێڵەکان نەتوانن بچنە ناویان.
خەلیل عەلی، توێژەرە لە ژیانی باڵندەکان و دەڵێت، سێڵەکان و هەموو گیاندارە ئاوییەکانی دیکە سنووری ژیانیان بەرتەسک بووەتەوە، سێڵەکان لەسەر ئەو قەوزانە دەژین کە لەنێو ئاوەکەدا، کاتێک ئاو نەما، سێڵەکان ناچارن شتی دیکە بخۆن، یەکێک لەوانەش بێچووی نەورەسەکانە.
جگە لە خواردنی بێچووی نەورەسەکان لەلایەن سێڵەکانەوە، ساڵی رابردووش لەم کاتەدا بە هۆکارێکی نەزانراو سەتان باڵندەی نەورەس لە نیشتمانی نەورەسەکان لەنێوچوون، بەوهۆیەشەوە ژمارەیان لە دەریاچەکەدا کەمبووەتەوە.