سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە کرماشان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێک گەیشتە شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و رایگەیاند، لەم سەردانەدا ناتوانن هەموو پێویستییەکانی ئەو پارێزگایە چارەسەر بکەن و تەنیا گرنگی بە کارە لەپێشینەکان دەدەن.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانەی کرماشان گوتی، "پێشتر پێویستییەکانی کرماشان تاوتوێ کراوە و لە تاران هەندێک پرۆژە ئامادە کراون."
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، پارێزگای کرماشان بواری گونجاوی بۆ گەشتیاری و هەناردە هەیە، بە سەرنجدان بە سنووری هاوبەش لەگەڵ عێراق، بوار بۆ هەناردەش ئامادەیە.
رەئیسی گوتیشی، پارێزگای کرماشان 900 هەزار هێکتار زەویی بەپیتی کشتوکاڵی هەیە، بۆیە لە ئاسایشی خۆراکی ئێراندا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت.
بەهمەن ئەمیری موقەدەم، پارێزگاری کرماشان بەر لە سەردانەکەی رەئیسی گوتی، "200 پرۆژەی نیوەچڵ چاوەڕێی رەئیسییە و پرۆژەکانیش بۆ تەواوکردنیان نزیکەی دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلاریان پێویستە."
بە گوتەی بەهمەن ئەمیری موقەدەمم، سەرۆککۆماری ئێران لەو سەردانەدا بەردی بناخەی پرۆژەی نوێ دانانێت، بەڵکو ئامانج ئەوەیە ئەو پرۆژە نیوەچڵانە تەواو بکرێن کە 50%ی کارەکانیان تەواو بووە، هەروەها زیاتر لە 100 پرۆژە لە بواری رەخساندنی هەلی کاردا دەخرێنە بەردەم سەرۆککۆمار.