بەڵێندەرێک ئامێری سۆنەری نەخۆشخانەیەکی هەڵەبجەی بردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی کێشەی نێوان ژمارەیەک بەڵێندەر و کۆمپانیای جێبەجێکاری نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پێنەدانی پارەکانیان، یەکێک لە بەڵێندەرەکان ئامێری سۆنەری نەخۆشخانەکەی بردووە.
 
نەخۆشخانەکە 10 ساڵ دوای ئەوەی کە دەستکرا بە جێبەجێکردنی، لە مانگی ئاداری 2019وە کراوەتەوە، بەڵام هێشتا گرفتی هەیە، دیارترین گرفتیشی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرەکانە.
 
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی "یەکێکە لەو کابووسانەی" یەخەی دوو کابینەی حکومەت و دوو بەڕێوەبەری گشتی و چەندین کەسی گرتووە و دەشڵێت "بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە چاوەڕوانییەکی زۆردابوون بۆ کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە، لە بەردی بناخەیەوە تاوەکو ئێمە کردمانەوە نزیکەی 10 ساڵی پێچوو، تاوەکو نەخۆشخانەکە کرایەوە چەندین قوربانیی چەکی کیمیایی گیانیان لەدەستدا".
 
لەبارەی کێشەکانی نەخۆشخانەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەڵەبجە ئاماژە بەوە دەکات، بە ئێستاشەوە ئەو نەخۆشخانەیە چەندین کێشەی هەیە، بۆ نموونە تاوەکو ئێستا ئەو نەخۆشخانەیە وەرنەگیراوە لە کۆمپانیای جێبەجێکار، بەڵام ئەوان وەکو حکومەت لەناو نەخۆشخانەکەدان، تاوەکو ئێستا نەخۆشخانەکە موڵکی کۆمپانیاکەیە.
 
لەسەر ئەو کێشانە، پێش کۆرۆنا تەندروستی و کۆمپانیای جێبەجێکار گەیشتبوونە لێکتێگەیشتنێک بۆئەوەی بە زوویی کەموکوڕییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە چارەسەربکرێت و رادەستی حکومەت بکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت "لیژنەی وەرگرتنی ئەو نەخۆشخانەیە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییە، واتە کارە فەرمی و یاساییەکانی تاوەکو ئێستا نەهاتووەتەوە سەر هەڵەبجە، بەو پێیەی پێشووتر لایەنی یەکەم کە وەزارەتی تەندرووستییە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانییەوە کاری لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە کردووە".
 
نەخۆشخانەکە لە 8ی ئاداری 2019وە کراوەتەوە و دوای مانگێک نەخۆشی بۆ وەرگرتنی چارەسەر وەرگرتووە، د. ئازاد مستەفا دەڵێت "وەزیری تەندروستیی پێشوو و ئێستا رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لەوەی هەندێک بودجە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە دابینبکرێت، بەڵام بودجەی بەکارخستن کە پێویستە بۆ پێداویستییەکانی رۆژانە، تاوەکو ئێستا نییە".
 
بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو ئامێرانەی بۆ نەخۆشییەکانی چاو پێویستن کە یەکێکە لە نەخۆشییە دیارەکان لەنێو بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، لە نەخۆشخانەکە بەردەست نین؛ هەروەها بەڵێندەرێک هەندێک لە ئامێرەکانی بردووە، کە ئامێری سۆنەرە و پێویستە بۆ نەخۆشخانەکە، د. ئازاد مستەفا لەوبارەیەوە گوتی "ئەو کەسە بە هەر هۆکارێک لەگەڵ کۆمپانیاکە نەگەیشتووەتە ئەنجام و ئەو ئامێرەی لەناو نەخۆشخانەکە دەرکردووە و وەکو خۆی دەڵێت، ئێستا ئامێرەکەی لە شاری کەرکووک داناوە. پەڕاوی تایبەتی لە دادگای هەڵەبجە بۆ کراوەتەوە، بەڵام لەبەر پێویستی رەوشەکە ئێستا ئەو بەڵێندەرە رادەستی یاسا و پۆلیس نەکراوە، چونکە حکومەتیش لەوە تێگەیشتووە کە کێشەیەکی گەورە لەم بەڵێندەرایەتییەدا هەیە، بەدەر لەوەی سکاڵا کراوە لەو کەسە؛ پێویست دەکات بەڵێندەرەکە لەگەڵ بەڵێندەرەکانی دیکە بگەنە ئەنجام".
 
هەر لەسەر کێشەی بەڵێندەرەکان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە باسی لەوە کرد کە پێشتر بەڵێندەرێک چووەتە دادگا و دادوەر فەرمانی کردووە دەستبگیرێت بەسەر ئامێرەکانی نەخۆشخانەکەدا.
 
لەبارەی کارەکانی نەخۆشخانەکە، د. ئازاد مستەفا دەڵێت، باشترین خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکە پێشکەش دەکەن، سەنتەری هەناسەیان کردووەتەوە کە پێشتر بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی دەچوونە تاران بۆ ئەو سەنتەرە، هەروەها دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی هەموویان لەلایەن حکومەت و رێکخراوەکانەوە دابیندەکرێن.
 
لەبارەی کەموکوڕییەکانی نەخۆشخانەکەشەوە بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە نووسراوێکی فەرمی 23 کەموکوڕیی ئاراستەی بەشی ئەندازەی وەزارەتی تەندروستی کردووە لەبارەی ئەوەی کە ئامێرەکان هەندێکیان پێویستیان بە نوێکردنەوەیە، چونکە لە ساڵی 2007 کڕراون؛ هەروەها ئامێرەکانی هۆڵی نەشتەرگەری پێویستیان بەوەیە کە مۆدێلەکانیان نوێبکرێنەوە یان بگۆڕدرێن تاوەکو بتوانن چەند جۆرێکی نەشتەرگەری لەناو نەخۆشخانەکە بکەن.