رووداو دیجیتاڵ
شەڕ لەنێوان بازرگانانی ئاژەڵ لە بازاڕی ئاژەڵ لە رووهای باکووری کوردستان روویدا و لە ئەنجامدا کەسێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 لە بازاڕی ئاژەڵان لە شارۆچکەی سیڤەرەک سەر بە پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان، دەمەقاڵی لەنێوان چەند بازرگانێکی ئاژەڵ روویدا، دواتر بوو بە شەڕ و شەڕەکە لە شەڕە بۆکسەوە بۆ شەڕە تەقە گۆڕا. لە ئەنجامی شەڕە تەقەکەدا کەسێک کوژرا و شەش کەسی دیکەش بریندار بوون.
هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕە تەقەی نێوان بازرگانەکانی ئاژەڵ، بەهۆی کێبڕکێی نرخ و راکێشانی کڕیارەوە بووە.
دوای رووداوەکە، هێزێکی فەرماندەیی جەندرمە، تەقەکەرەکانی چەک کرد و چوار کەسی لە گرووپە ناکۆکەکان دەستگیر کرد.
شەش بریندارەکەش بە ئەمبوڵانس بۆ نزیکترین نەخۆشخانە گوێزرانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای ئوموت لە تورکیا، ساڵی 2023 لە تورکیادا 3773 شەڕ و پێکدادان روویانداوە؛ لەو رووداوانەدا 2318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3820 کەسیش بریندار بوون. 763 لەو رووداوانە لە باکووری کوردستان روویانداوە و لە ئەنجامدا 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1063 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ