محەممەد حاجی مەحموود: لەگەڵ عەلی باقری دۆسێی سیاسی و ئەمنی تاوتوێ دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، سەردانی باقری بۆ هەرێمی کوردستان "دەستکەوتە". سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتیش دەڵێت، لەگەڵ سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران دۆسێی سیاسی و ئەمنی تاوتوێ دەکەن.
محەممەد حەکیم، گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئەمڕۆ هەینی لە سلێمانی بە نزار جەزا، پەیامنێری رووداوی گوت، هەر بەرپرسێکی وڵاتانی ناوچەکە یان جیهان سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، "دەستکەوتە" بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها محەممەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سەردانەکە[ـی عەلی باقری] بۆ هەرێمی کوردستان تایبەتمەندییەکی گرنگی هەیە. کۆماری ئیسلامیی ئێران وڵاتێکی گەورە و بەهێزی هەموو جیهانە نەوەک تەنیا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ هاتنی ئەو بۆ هەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە لەڕووی سیاسی، ئاسایش، کۆمەڵایەتی و بازرگانییەوە."
بڕیارە محەممەد حاجی مەحموود لە نزیکەوە لەگەڵ عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆ بکات و لەو بارەوە گوتی، باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، وەبەرهێنان، دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی عەلی باقری، سەرپەرشتیاری کاروباری وەزارەتی دەرەوەی ئێران گەیشتە سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا. باقری گوتی، ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەکی لە شارەکە دەبێت.
بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 14ی حوزەیرانی 2024 عەلی باقری گەیشتە شاری هەولێر و بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک بارزانی و عەلی باقری رایگەیاند، "بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق تاوتوێ کرا و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و کولتووریدا کرایەوە."
دوای کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەلی باقری، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش؛ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەردوولا جهختیان له گرنگیی پهیوهندییهكانی ئێران لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان لهسهر بنهمای دراوسێیهتیی باش و بهرژهوهندیی هاوبهش كردهوه، ههروهها خواستی دوولایهنهیان بۆ برهوپێدانیان بهتایبهتی له بواری ئابووری و بازرگانی نیشان دا.
ئەمە دووەم جارە عەلی باقری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. یەکەم جار 13 ساڵ لەمەوبەر بوو. عەلی باقری لەوبارەوە ئەمڕۆ گوتی، "دوای ئەم 13 ساڵە، گەشەکردنێکی زیاترم [لە هەرێمی کوردستان] بینی و بێگومان ئەمڕۆ بە هیوای داهاتوویەکی روونتری پەیوەندییەکانمان هەرێمی کوردستان جێدەهێڵم، داهاتوویەکی درەوشاوە بۆ هاوکاریی دوولایەنە چاوەڕوانی ئێمە دەکات."