گەشت و سەیران لە دارستانەکانی دیلۆک قەدەخە کرا

14-06-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگای دیلۆک لە باکووری کوردستان، قەدەخەی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییانی بۆ نێو دارستانەکانی پارێزگاکە راگەیاند، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە کەوتنەوەی ئاگر.
 
کۆمیسیۆنی رێگەگرتن لە کەوتنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان لە پارێزگای دیلۆک لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەکردنی گەشت و سەیرانی هاووڵاتییانی لە دارستانەکانی پارێزگاکە راگەیاند، هۆکاری قەدەخەکردنەکەشی بۆ مەترسیی ئاگرکەوتنەوە گەڕاندەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمیسیۆنەکە، بڕیاری قەدەخەکردنەکە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو رۆژی 29ی ئەیلوولی 2024 بەردەوام دەبێت.
 
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، چاوەڕوان دەکرێت پلەی گەرما بەرز ببێتەوە، هەربۆیە "قەدەخەکردنی هەندێک شت باشترە لە ئاگرکەوتنەوە و زیانگەیاندن بە سامانێکی زۆر بەهاداری ژینگەیی."
 
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئاگرکردنەوە بە مەبەستی برژاندنی گۆشت و هەر مەبەستێکی دیکە لە دووریی لانیکەم چوار کیلۆمەتر لە دارستانەکان دەبێت، بە پێچەوانەوە سەرپێچیکار رووبەڕووی سزای زۆر قورس دەبێتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، پار 1022 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتوونەتەوە، لە ئەنجامدا 6900 هێکتار زەویی دارستان و پاوان سووتاون؛ هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و 111 کەسیش بریندار بوون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە