پۆلیسی راپەڕین سێ کەس دەستگیردەکات و شێوازێکی نوێی 'فێڵکردن' لە خەڵک ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی راپه‌ڕین رایگەیاند، سێ کەسیان دەستگیرکردووە کە هەستاون بە فێلکردن لە خەڵک، کە کاڵای ئەلیکترۆنییان بەسەریاندا ساخ کردووەتەوە.
پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، هێزەکانیان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر (مکافحە) بە هاوکاریی پۆلیسی فریاکەوتن باندێکیان دەستگیرکرد کە لەنێو بازاڕی قەڵادزێ لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێکی 3 تەگەری، بە بەکارهێنانی "کارتی یانسیب و فێڵكردن له خه‌ڵك کاڵای ئەلیکترۆنییان به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا ساخ كردووەته‌وه كه پێكهاتوون له سێ كه‌س."
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ئەو سێ کەسەدا، ده‌ركه‌وتووه کە "له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی نزیكه‌ی 1000 كارتی یانسیب بۆ ساخ کردنەوەی کاڵای ئەلیكترۆنی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بانگەشەی ئەوەیان کردووە، ئەو کاڵایانەی نرخه‌كه‌ی تاوەکو 35 هه‌زار دینار ده‌ڕوات نیشانی خەڵکیان داوە وەکو سەرنجڕاکێشان بۆ کڕیاران دەردەچێت، بەڵام هیچکام لە کاڵا بەنرخەکان لەنێو بلیتەکان نەنووسراون، کە هەر بلیتێکیان تەنها بە 1000 دینار فرۆشتووە، ئەوەش هەبووە ئه‌گه‌ر کڕیارێک كارتێكی هه‌ڵبژاردبێ و چانسی هەبوبێت ئامێرێکی بۆ دەرچووبێت، نرخەکەی زۆر کەمتر بووە لە بەهای بلیتەکە."
لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی راپەڕیندا دەرکەوتووە، ئەو باندە هەستاون بە دانانی جۆری ئەو کاڵایە لەنێو بلیتەکاندا کە "نرخیان زۆر کەمترە و خۆیان تەنها به 100 دینار بۆ 200 دینار كڕیویانه و کەمترین هەلیش بۆ کڕیاران بەو نرخە کەمە دانراوە."
پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە، "خه‌ڵكێكی زۆر بلیتەکەیان بە 1000 دیناری عێراقی کڕیوە، به‌ڵام بۆ كه‌مترین کڕیار کاڵا کەمنرخەکان ده‌رچووه، لەکاتێکیشدا کاڵا زۆر بەنرخەکان هەرگیز لەناو بلیتەکاندا نەبوون و بۆ کەسیش دەرنەچووە."
سەرجەم تۆمەتباران کە دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی سنووری ئیداره‌ی راپه‌ڕینن، به بڕیاری دادوه‌ر و به مادده‌ی 456 له یاسایی سزادانی عێراقی راگیراون، دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، کە جگە لە شاری قەڵادزێ، پێشتر لە شوێنە جیاجیاکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش ئەو جۆرە تاوانی فێڵکردنەیان کردووە.
هەروەها پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین ده‌ستیشی گرتووە به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیكاپ/ مازدا، ماتۆڕسكیلی سێ ته‌گه‌ری و 530 هەزار دیناری عێراقی لەگەڵ نزیكه‌ی 1000 بلیتی یانسیب کە لە رووداوی فێڵکردنەکەدا بەکارهاتوون؛ لێکۆڵینەوەش لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا بەردەوامە.