هاووڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان: تەنانەت دەنگ بە براکەشم نادەم

رووداو دیجیتاڵ
 
عارف ئه‌مینی، که‌ له‌ سه‌رجه‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئێران به‌شداری کردبوو و پێیوابوو ده‌کرێت له‌ رێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ژیانی خۆی و هاووڵاتیانی دیکە گۆڕانکاری به‌سه‌ردا بێت، بەڵام ئێستا گه‌یشتووەته‌ ئه‌و باوەڕەی که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ئێراندا هیچ گۆڕانکارییه‌کی ئه‌رێنی له‌ ژیانیدا ناکات و ته‌نانه‌ت دەنگ به‌ براکه‌ی خۆیشی نادات، که ‌به‌ربژێری ئه‌نجوومه‌نی شاره‌کانه‌.
 
هەینی داهاتوو 18-6-2021 لە یەککاتدا هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆمار و ئه‌نجوومه‌نی شار بەڕێوەدەچن. بەڵام چالاکڤانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێکی فراوانیان بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان دەستپێکردووە.
 
ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی بایکۆت، بەرپرسانی حکومەتی هێنایە دەنگ، بەجۆرێک،‌ به‌رپرسی پۆلیسی ئێران ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌و که‌سانه‌ کرد، که‌ بانگه‌شەی بایکۆتکردنی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن‌.
 
سه‌ردار حوسێن ئه‌شته‌ری، رۆژی 28ی 5ی 2021 رایگه‌یاند: "ئه‌وکه‌سانه‌ی به‌هاکان پێشێل ده‌که‌ن و داوای بایکۆتی هەڵبژاردن لە خەڵک دەکەن، به‌پێی یاسا هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین." 
 
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران کە لە شوباتی 2020 بەڕێوەچوو، رێژەی بەشداری خەڵک زۆر کەمبوو، بە جۆرێک لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێنەی نەبووە، لەو هەڵبژاردنەدا تەنیا 43%ی خەڵک بەشداریان کرد.
 
لە 2017 زۆر کەس بە ئومێدەوە دەنگیان بە ریفۆڕمخوازێکی وەکو حەسەن رووحانی دایەوە، بەڵام دەرچوونی تاکلایەنەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی سزاکان، دواتریش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەوڕووی کێشەی گەورە کرد، بە جۆرێک ساڵی رابردوو (هەتاوی) رێژەی هەڵاوسان گەیشتەن نزیکەی 40%.
 
ئومێد ئه‌حمه‌دی، ناوی خوازراوی دوکاندارێکی شاری سنه‌ی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بە (رووداو)ی راگەیاند: "من له‌ خوله‌کانی پێشووی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری به‌رده‌وام به‌شداریم ده‌کرد و لایه‌نگری ریفۆرمخوازه‌کان بووم، خولی پێشوو، ئه‌ندامی چالاکی کەمپەینی حه‌سه‌ن رووحانی بووم له‌ سنە".
 
ئەحمەدی بێئومێد بووە لە بەڵێنی ریفۆڕمخوازەکان و دەڵێت: "ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که‌ ریفۆرمخوازه‌کان دایان، درۆ ده‌رچوون، دۆخی ئابووری هه‌ره‌سی هێنا، نرخی خانووبه‌ره‌ و کاڵاکان ده‌ هێنده‌ زیادی کرد و خه‌ڵک هیچ پاشکه‌وتێکیان نه‌ما، ئیتر بۆم ده‌رکه‌وتووه‌ هه‌ڵبژاردن هیچ شتێک له‌م دۆخه‌ ناخۆشه‌ ناگۆڕێت و بگره‌ خراپتریشی دەکات، هه‌ر بۆیه‌ ئیدی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ناکه‌م".
 
پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ‌به ‌ده‌ست کۆمه‌ڵێک کێشه‌ له‌وانه‌ نه‌بوونی هه‌لی کار، نه‌بوونی کارگه‌ و کارخانه‌، که‌می خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن، له‌ هەڵبژاردنەکانی رابردووشدا بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی ئێران خەڵکی پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە.
 
کاتژمێر نزیک یازده‌ی نیوه‌ڕۆیه‌، گه‌رما تینی بۆ ئەو کرێکارانه‌ هێناوە، که ‌له‌ چوارڕیانی سیروس له‌ شاری "سنه‌" بۆ ئیش وه‌ستاون و تاوەکو ئه‌م کاته‌ی‌ رۆژ ئیشیان ده‌ستنه‌که‌وتووه‌.
 
پژمان که‌ریمی، کرێکارێکی 27 ساڵانه‌، سێ ساڵه‌ ژیانی هاوبه‌شی پێکهێناوه، به‌ رووداوی گوت‌: "ئێمه‌ له‌ مانگێکدا ره‌نگه‌ ده‌ رۆژ ئیشمان ده‌ست بکه‌وێت، رۆژانە به ‌150 هه‌زار تمه‌ن (6 دۆلار) که‌ به‌شی هیچ ناکات. هه‌موو شتێک ئه‌وه‌نده‌ گران بووه‌، که‌ به‌ زه‌حمه‌ت‌ سکی خۆت و خێزانەکەت تێر دەکه‌ی".
پژمان به‌ ده‌سڕه‌که‌ی ملی ئاره‌قه‌کانی ده‌سڕێت و دەڵێت: "به‌ربژێرەکان، سه‌ره‌تا هه‌موو به‌ڵێنێک ده‌ده‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بینیومانه‌ هیچی راست ده‌رنه‌چووه و هه‌موویان بۆ گیرفانی خۆیان ئیش ده‌که‌ن‌".
 
بەپێی راپرسیی ناوه‌ندی راپرسی خوێندکارانی ئێران (ئیسپا) لە هەڵبژاردنەکانی 18ی ئەم مانگە تەنیا 37%ی خەڵکی ئێران بڕیاری کۆتاییان داوە به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکەن.
 
ئازادی ئافره‌تان پاش هه‌ڵبژاردن پێشیل ده‌کرێت
 
پێکنه‌هێنانی ژیانی هاوبه‌شی له‌لایه‌ن گه‌نجانه‌وه‌ به‌هۆی کێشه‌ی ئابووری و نه‌بوونی هه‌لی کار، یه‌کێکی دیکەیە له‌و مژارانه‌ی‌ که‌ کۆمه‌ڵگای ئێرانی سەرقاڵ کردووە.
 
نووشین خانی، ئافره‌تێکی 35 ساڵانه‌ و له‌ دووکانێکی فرۆشتنی جلو‌به‌رگ له‌ مۆڵی"بانتا"ی سنه‌ کار دەکات و هێشتا شووی نەکردووە. ئەو دەڵێت: "له‌ کۆمه‌ڵگای ئێمه‌، هیچ هیوایه‌ک بۆ ژیانی هاوبه‌شی نه‌ماوه‌،‌ به‌هۆی رەوشی ئابووری هیچ گه‌نجێک خۆی ناخاته‌ ژێر به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه".
 
نووشین کە دەرچووی زانکۆیە و دانەمەزراوە، مانگانە تەنیا بە یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار (50 دۆلار) کار دەکات. ئەو دەڵێت: "هه‌موو ساڵێک پێش هه‌ڵبژاردن به‌ربژێره‌کان باس له‌ ئازادی و مافه‌کانی ژنان ده‌که‌ن، بەڵام که‌ هه‌ڵبژاردن ته‌واو ده‌بێت، ئه‌گه‌ر کچێک له‌چکه‌که‌ی تۆزێک له‌پاشه‌وه‌ بێت و پرچی ده‌رکه‌وێت، یان جلێکی کورتی لەبه‌ر بێت پۆلیس ده‌نگی ده‌دات، ده‌ی ئه‌گه‌ر وایه‌ هه‌ر ده‌نگنه‌دان زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی هه‌موو جارێک یاری به‌ هه‌ستی خه‌ڵک بکرێت، هیوایه‌کیان پێ بدرێت، که‌چی دواتر هیچیان بۆ نه‌که‌ن".
 
"تەنانەت دەنگ بە براکەشم نادەم"
 
لە هەمان رۆژی هەڵبژاردنی سه‌رۆککۆماردا، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌کانیش به‌ڕێوه‌ده‌چێت، که‌ هه‌ندێک کەس روانینی جیاوازیان بۆی هەیە‌.
 
دلێر قه‌وامی 37 ساڵ، چالاکڤانێکی شاری سنەیە و دەڵێت: "هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌کان که‌ دیموکراسییه‌کی خۆجێیە‌ و ناکرێت خه‌ڵک به‌رانبه‌ری خه‌مسارد بن، من پێموایه‌ ده‌بێت به‌شداری ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بکه‌ن، چونکه‌، ئه‌گه‌ر که‌سانێکی شاره‌زا و دڵسۆزی شار بچنە‌ نێو ئه‌نجوومه‌نی شاره‌کان، ده‌توانن زۆر کێشه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ن".
 
بەڵام عارف ئەمینی تەمەن 58 ساڵ، کە مامۆستای خانەنشینە لە سەقز، لەگەڵ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەکانیشە. ئەو لە رێگەی تەلەگرامەوە بە (رووداو)ی گوت:"دۆخی ئابووری ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ وایکردووه‌ که‌ چینی ناوەندی کۆمه‌ڵگاش هه‌ژار بن، من خۆم 30 ساڵ ماموستای قوتابخانه‌ بووم، که‌چی ئێستا مووچه‌که‌م به‌شی گوزه‌رانم ناکات و ناچارم ئیشی ته‌کسی بکه‌م".
 
ئەو مامۆستا خانەنشینە دەشڵێت: "چه‌ندین ساڵه‌ به‌ هیوای گۆڕانی دۆخه‌که‌ بەشداریی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌م، که‌چی ساڵ به‌ ساڵ خراپتر ده‌بێت، من خۆم ئێستا یه‌کێک له‌ براکانم به‌ربژێره‌ بۆ ئه‌نجوومه‌نی شاری سه‌قز به‌ڵام بڕیارم داوه‌ ته‌نانه‌ت ده‌نگ به‌ براکه‌شم نه‌ده‌م".