گەنجێکی خەڵکی بەغدا لە رووباری خابووردا خنکا

رووداو دیجیتاڵ

 

بەڕێوەبەرایەتیی تەندورستیی زاخۆ دەڵێت، گەنجێکی خەڵکی بەغدا دوای ئەوەی کەوتووەتە نێو رووباری خابوورەوە، خنکاوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 14ـی ئایاری 2023، ئەمیر عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 3:30 خوولەکی ئێوارە گەنجێکی 17 ساڵان بە ناوی ئەلمەند رەمەزان کە بە رەچەڵەک عەرەبە و دانیشتووی شاری بەغدایە، کەوتووەتە رووباری خابوور و دواتر گیانی لەدەستداوە. 
 
گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ دەشڵێت، گەنجەکە بە سەردان چووبووە گوندی چەم سیرمووی سنووری ئیدارەکەیان. دەشڵێت، خەڵکی ناوەچەکە یارمەتیی هێنانەدەری گەنجەکەیان داوە و تیمەکانی بەهاناوەچوونیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە. 
 
دەشڵێت، دوای ئەوەی تیمەکانی بەهاناوەچوون گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، توانیویانە ئەلمەند رەمەزان بە زیندوویی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بکەن، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت، گەنجەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە. 
 
تەرمی گەنجەکە رەوانەی دادپزیشکیی زاخۆ کراوە و دواتر رەوانەی دادپزیشکیی دهۆک کراوە.