کەشناسیی سلێمانی: کاریگەری خۆڵبارین نامێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەی گەرما دادەبەزێت؛ بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش دەڵێت، سبەی کاریگەری خۆڵبارین نامێنێت.
 
لە نیوەڕۆی دوێنێ (شەممە، 13-5-2023)ـوە خۆڵبارین بەشێکی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 14ـی ئایاری 2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاریگەریی خۆڵبارین بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات و "ئەمڕۆ و سبەی" کاریگەرییەکەی بەتەواوی نامێنێت.
 
ئاسۆ کەمال گوتیشی، هۆکاری خۆڵبارینەکە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایە و "ئاساییە" لە وەرزی بەهاردا رووبدات.
 
هاوکات لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "ئاسمان ساماڵ دەبێت؛ ئەگەری بوونی تۆزێکی کەم لەسەر بەشێک لە پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان هەیە".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممەوە کەشناسی دەڵێ، 1 بۆ 3 پلە، پلەی گەرما بەراورد بەمڕۆ دادەبەزێت و خێرایی با مامناوەند دەبێت.
 
بەگوێرەی ئاماری کەشناسی بۆ رووداو، مانگی ئایاری ساڵی رابردوو 16 رۆژ خۆڵبارین هەبووە.
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو لە باشووری کوردستان بۆ سبەی دووشەممە بەمشێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 29 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 27 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 30 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 29 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 27 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 27 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛35 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 17 پلەی سیلیزی